لە دوای یەکسانبوونەکەی سێلتاڤیگۆ لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا چی روویداوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، لە دوای یەکسانبوونی بارسێلۆنا لەگەڵ سێلتاڤیگۆ لە یارییەکەی دوێنی شەودا، ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا، پشێوی و تووڕەبوونی هانزی فلیکی راهێنەری بەخۆوە بینیوە.
 
هەردوو تیپ، لە یاریگەی  پالایدۆس، لە گەڕی 14ی لالیگا بەیەکگەیشتن و یارییەکە بەیەکسانبوون 2 - 2 کۆتایی هات.
 
بارسێلۆنا لە یارییەکەدا لە رێگەی رافینیا و لیڤاندۆڤسکییەوە پێشکەوت، بەڵام یانەی خاوەن یاریگە ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و سوودی لە دەرکردنی مارک کاسادۆ بەکارتی دووەمی زەرد لە خولەکی 82 بینی.
 
سەرچاوەکانی ئیسپانیا گوتویانە، دوای یارییەکە، هانزی فلیکی راهێنەر بەتووندی رەخنەی لە یاریزانەکانی گرتووە، بەتووڕەیی پێیگوتوون "یارییەکی زۆر خراپتان کرد، بردنەوە بەو شێوەیە بەدەست نایەت".
 
بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە، فلیک لە کۆتایی قسەکانیدا گوتویەتی، دڵنیام لەوەی دۆخی خۆمان راستدەکەینەوە.
 
ئەوەی میدیاکان دزەیان پێکردووە، هاوتای قسەکانی هانزی فلیکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پاش یارییەکەدا کاتێک گوتی، "بابەتەکە پەیوەندی بەتەنیا چەند خولەکی کۆتاییەوە نییە. ئێمە یارییەکی خراپمان کرد، ئەگەر بەتەواوی وزەی خۆتەوە لە یاریگەدا نەبیت، براوە نابیت. ئێمە دەبێ راستگۆبین و دان بەراستییەکاندا بنێین".
 
فلیک هەروەها گوتی، "ئەم جۆرە رووداوانە روودەدەن، یارییەکەمان خراپ بوو، یاریزانەکان دڵخۆش نین. هەمووان دەیانتوانی باشتر یاریی بکەن، ئێمە دەبێ خۆمان کۆبکەینەوە، هەندێکجار ئەرکەکە ئاسان دێتە بەرچاو، بەڵام لە راستیدا وا نییە".
 
فلیک، رەخنەی راستەوخۆی لە کاسادۆ نەگرت بەهۆی کارتە سوورەکەوە، هەروەها سەرکۆنەی ژوول کوندێی بەرگریکەری نەکرد کە بووە هۆکاری گۆڵی یەکەمی سێلتا لە رێگەی ئەلفۆنسۆ گۆنزالیس لە خولەکی 84. ئەو رەخنەی لە ئاستی تیپەکەی گرت بەگشتی.
 
فلیک دووپاتیکردەوە، "کارتە سوورەکە و هەڵەکەی کوندێ بەرهەمی ئاستی خراپی تیپەکە بوون. ئێمە هەڵەی زۆرمانکرد و متمانەمان بەخۆامن نەبوو".
 
هەروەها دەڵێ، "بە ستایلی خۆمان یارییمان نەکرد، لە کۆتاییدا بەبەختبووین بەبەدەستهێنانی خاڵێک، بەڵام دەبێ رێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەوە بگرین کە ئەمشەو روویدا. هیوادارم ئەوەی روویدا کاریگەری لەسەر ئاستمان لە یارییەکی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر برێست نەبێت".
 
وێڕای یەکسانبوونەکە، بارسێلۆنا بەکۆکردنەوەی 34 خاڵ لە پێشەنگی خولی ئیسپانیا مایەوە، بەجیاوازیی پێنج خاڵ لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی دووەم و حەوت خاڵ لە ریال ریال مەدرید کە دوو یاریی کەمتر ئەنجامداوە.