سەفا کازم هۆکاری ناجێگیری ئاستی یانەی نەورۆز ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەفا کازم، راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەی نەورۆز، هۆکاری ئەنجامە خراپەکانی یانەکەی، بۆ یاریینەکردن لە نێو یاریگەی خۆیاندا دەگێڕێتەوە، باسی ماندووبوونی زۆری یاریزانانی یانەکەی دەکات بەهۆی گەشتکردنەوە بۆ یاریگە جیاوازەکان.
 
دوای سێ یاریی لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی نەورۆز هێچ سەرکەوتنێکی بەدەستنەهێناوە، دوو یەکسانبوون و شکستێک ئەنجامەکانی یانەکەبوون لە سێ یاریی رابردوودیدا.
 
یانەی نەورۆز بەهۆی ئامادەنەبوونی یاریگەکەیەوە، تاوەکو ئێستا، سەرجەم یارییەکانی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامداوە.
 
سەفا کازم، راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەی نەورۆز، لە لێدوانێکدا بۆ 'تۆڕی میدیایی رووداو' هۆکاری ئەنجامە خراپەکانی تیپەکەی بۆ یارینەکردن لە نێو یاریگەی خۆیان دەگێڕێتەوە، ئەو دەڵێ، "هەرسێ یارییەکەمان لە دەرەوەی یاریگای خۆمان ئەنجامداوە، ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی نەتوانین ئاستی خۆمان پێشکێش بکەین. بۆ نموونە یارییمان بەرامبەر زاخۆ، ئێمە هەشت کاژێر بە رێگاوەبووین تاوەکو گەیشتین، هەمان شتیش بۆ یارییمان بەرامبەر کەربەلا و کارەباش راستە، لە کاتێکدا یانە رکابەرەکانمان بە تایبەت یانەکانی بەغدا، لە نێو یاریگای خۆیان یارییەکانیان ئەنجامداوە و ئەگەر لەدەرەوەی یاریگای خۆشیان یارییان کردبێت، هەر لەبەغدا بووە، یاخود تەنیا دوو کاژێر دوور لە یاریگەی خۆیان بوون".
 
نەورۆز لە یەکەم یاریی وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەرامبەر یانەی کەربەلا لە نێو کەربەلا یەکسانبوو، سەفا دەڵێ "دەزانین یانەی نەورۆز کۆنتڕۆڵی یارییەکەی کردبوو، بەڵام نەمانتوانی سێ خاڵی یارییەکە بەدەست بهێنین، ئێمە کەوتبووینە ژێر گوشاری یەکەم یارییمان لە خولەکە کە زۆر پێویست بوو بیبەینەوە، لەبەرئەوەی بۆ لایەنی دەروونیی ئێمە زۆر گرنگ بوو، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئاستی تیپەکە زۆر باش بوو". 
 
نەورۆز لە یاریی دووەمدا لەگەڵ زاخۆ بەگۆڵێک یەکسانبوو، سەفا کازم دەڵێت، "ئەو یارییە بوو کە ھەموو چاودێران و شرۆڤەکاران کۆکبوون لەسەرئەوەی یانەکەمان ئاستێکی تەکتیکیی نایابی پێشکێش کرد، بۆ سەلماندنی ئەوەش ئێمە لەسەرەتای یارییەکەوە نزیک بووین لەبردنەوە و تاوەکو خولەکی 97 ئێمە لەپێشەوەبووین و نزیکبووین لە سێ خاڵی یارییەکە، بەڵام بەخت یاوەرمان نەبوو". 
 
یاریی سێیەمی نەورۆز، یەکەم شکستی تیپەکە بوو لە وەرزی ئەمساڵدا، یارییەک کە نەورۆز بەئاست و ئەنجام تێیدا شکستی هێنا، راهێنەری گۆڵپاریزانی یانەکە دەڵێ، "بەرامبەر یانەی کارەبا، راھێنەری ئەو یانەیە کە وەلی کەریمە، چوار ساڵ لەگەڵ نەورۆز کاریکردووە و دەیزانی تیپەکەی ئێمە چۆن رووبەڕووی ئاستەنگ بکاتەوە".
 
وەک سەفا دەڵێ، "وەلی کەریم، شێوازی یارییکردنی خۆی بەسەر یانەی نەورۆزدا زاڵ کردبوو و ئەوەش کاتی پێویستە تاوەکو راھێنەری نوێ فەلسەفەی خۆی لەسەر یاریزانەکان جێبەجێ دەکات، جگە لەوەش یاریزانانمان لە رووی تەکتیکییەوە یارییەکی باشیان نەکرد و ئەوەش یەکێکبوو لە ھۆکارەکانی دۆڕانەکەمان بەرامبەر یانەی کارەبا". 
 
لە هاوینی ئەمساڵدا، یانەی نەورۆز، جۆرڤان ڤیێرای راهێنەری بەرازیلیی بەڕاهێنەری نوێی تیپەکە دەستنیشانکرد، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوەدەکەن کە ستایلی کارکردنی ڤیێرا لەگەڵ یاریزانەکانی نەورۆزدا نەگونجاوە، بەڵام سەفا بۆچوونێکی دیکەی هەیە، " ئێمە تۆپی پێی راستەقینە پێشکێش دەکەین، ئەوەی یاریی ئێستای نەورۆز ببینێت، دەزانێت تیپەکە دەیەوێت شێوازێکی نوێی تاکتیکی یاخود بەرگێکی نوێی تاکتیکی بپۆشێت. بەڵام ئەوە کاتی پێویستە و ئێمە ناتوانین بە سێ یاریی ئەوەی دەمانەوێت بیچەسپێنین لەسەر یاریزانەکان، بەڵام یاریزانەکان ئاسوودەن بەو شێوازەی کاپتن ڤیێرا".
 
سەفا کە سێ وەرزە لەگەڵ یانەی نەورۆز کاردەکات، زیاتر دەڵێ، "بیریشمان نەچێت 13 یاریزانی وەرزی رابردووی تیپەکە، ئەم وەرزە لە یانەی نەورۆز نین و یانەکەیان جێھێشتووە. چەند یاریزانێکی نوێشمان ھێناوە بەڵام ئەوانیش کاتیان پێویستە و دەتوانین بڵێین نەورۆز نیوەی تیپەکەی گۆڕاوە و بە تیپێکی نوێوە رکابەریی دەکات لەم وەرزەدا". 
 
یانەی نەورۆز لە دوای دەستپێکردنەوەی رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، رۆژی 25ی ئەم مانگە رووبەڕووی یانەی نەجەف دەبێتەوە.