ڤیدیۆ؛ پەیامی رافینیا دوای هاتریکە مێژووییەکەی بەرامبەر بایرن

 
رووداو دیجیتاڵ

رافینیای بەرازیلی و ئەستێرەی یاریزانی بارسێلۆنا، دوای تۆمارکردنی هاتریکێکی مێژوویی و سەرکردایەتیکردنی یانەی بارسێلۆنا بۆ بردنەوە لە بایرن میونشن دەڵێت "بەخەونیش بیرم لەمە نەدەکردەوە."
 
رافینیا دوای پێشاندنی ئاستێکی نایاب و تۆمارکردنی سێ گۆڵ بەرامبەر بایرن میونشن و ئەنجامدانی 100 یاری بەدرێسی یانەکەوە گوتی "تانەت لە باشترین خەونەکانیشمدا هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە، یاری ژمارە 100ـی خۆم بەم درێسەوە بەمشێوازە بکەم، یارییەکی زۆر گەورە بوو، زیاتر لەمە لە چامپیۆنزلیگدا، ئەمە وەکو خەونێکە گەیشتوومەتە یاری ژمارە 100 لەگەڵ یانەکە و روودانی ئەوەش بەشێوەیەکی زۆرباش و نایاب بوو، زپر کاریگەرم بەوە، زۆر بیرم لە گۆڵی سێیەم نەدەکردەوە، زۆر بە سادەیی چووم بەرەو رووی هاندەران بۆ ئەوەی ئاهەنگ بگێڕم، ئەوە رێگەیەک بۆ ئەوەی پێیان بڵێم من لێرەم، لە پێناو هاندەران و ئەم درێسەم خۆشدەوێت."
 
ئەستێرە بەرازیلییەکە زیاتر گوتی "یارییەکی تایبەت بوو بۆ هاندەران، لە کاتێکدا ماوەیەکی زۆربوو بارسێلۆنا بردنەوەی نەبوو، هەستێکی زۆر تایبەتە بۆ بردنەوەی ئەم یارییەکە، بەڵام رێگەیەکە بۆ ئەوەی پێشانی بدەین کە ئەم وەرزە چی دەکەین، شێوازی سەرکەوتنمان و هەبوونی پشتگیری هاندەران لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی نایاب وو."
 
رافینا لەبارەی یاریی داهاتوویان لە کلاسیکۆدا بەرامبەر ریال مەدرید بە رۆژنامەڤانانی گوت "بەرای من کلاسیکۆ هەمیشە 50 بە 50 یە، هەردوو تیپەکە لە ساتی گەورەدا تێدەپەڕن و بەڕای من زۆر زەحمەتە بەربژێرێک بۆ بردنەوەی کلاسیکۆ دیاری بکەین، یارییەکی مێژووییە، بۆیە پێموایە کێ باشتر ئامادەبێت هەلی زیاترە بۆ ئەوەی بیباتەوە، ئێمە بەباشی کاردەکەین و بەدڵنیاییە بردنەوەی یاریی لەم شێوەیە متمانەی زیاترمان پێدەدات و لێرەین بۆ ئەوەی کاربکەین و لە باشترین دۆخماندابین بۆ ئەوەی بردنەوە تۆماربکەین."
 
گۆڵکارەکەی بلاوگرانا باسی دۆخی خۆی لە بارسێلۆنا دەکات و دەڵێت "بیرمە کاتێک هاتمە ئێرە بە ساتەوەختی زۆر خراپدا تێپەڕیم و بیرم لەوە دەکردەوە بچمە یانەیەکی دیکە و بۆ شوێنێکی دیکە هەوڵبدەم، بەڵام بیرمە هاوژینەکەم هێزی پێدام و پێیگوتم دەتوانم چی بکەم و چی بۆ یانەیە بکەم."
 
رافینیا لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا، لە سێ یارییدا چوار گۆڵی تۆمارکردووە و یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی ئێستای یانە کەتەلۆنییەکەیە.