ئەو شەوەی رافینیا و بارسێلۆنا مێژوویەکی گەورەیان تێیدا نووسییەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

رافینیا، لە شەوێکی لەبیر نەکراو و گەورەدا، سەرکردایەتی یانەی بارسێلۆنای کرد، بۆ کۆتاییهێنان بە شکست و دۆڕانە یەک لە دوای یەکەکانی بارسێلۆنا بەرامبەر بایرن میونشن و هاتریکێکی مێژوویی تۆمارکرد.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، بارسێلۆنا لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی بایرن میونشنی کرد و بردنەوەیەکی گەورەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بەرامبەر یانە ئەڵمانییەکە تۆمارکرد.
 
دوای تەنیا 58 چرکە، رافینیا سێیەم خێراترین گۆڵی بارسێلۆنای لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا تۆمارکرد و هەر زوو بلاوگرانای پێشخست.
 
لە خولەکی 18 هاری کەین ئەنجامەکەی بۆ بایرن میونشن یەکسانکردەوە.
 
لە خولەکی 36 رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری پێشووی بایرن میونشن گۆڵی لەو یانەیە کردەوە و بارسێلۆنا بووە خاوەنی دوو گۆڵ.
 
خولەکی 45 رافینیا بۆ جاری سێیەم تۆڕی مانوێل نۆیەری هەژاند، بارسا بووە خاوەنی دوو گۆڵ.

 
ئەستێرە بەرازیلییەکە بەتەواوی درەوشایەوە، کاتێک لە خولەکی 56 گۆڵی سێیەمی خۆی و چوارەمی بارسێلۆنای لە یارییەکەدا تۆمارکرد و بووە خاوەنی هاتریک.
 
یارییەکە بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک کۆتاییهات، بارسێلۆنا بردنەوەیەکی مێژوویی تۆمارکرد، ئەمە یەکەمجارە لە دوای 9 ساڵ یانەکە لە بایرن میونشن دەباتەوە، لە کاتێکدا لە دوایین 6 یارییدا بەرامبەر ئەو یانەیە هەموو یارییەکانی دۆڕاندبوو.
 
پێشتر بارسێلۆنا لە مێژوودا دوو جار 3 گۆڵ یان زیاتری لە بایرن میونشن کردووە، هەردوو جارەکە لە کۆتاییدا بووەتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، جارێک لە 2009 و جارێکیش لە 2015.

 
ئەم یارییە یاریی ژمارە 100ـی رافینیا بوو بەدرێسی بارسێلۆناوە، دوای تۆمارکردنی هاتریک و بردنەوەی یارییەکە یاریزانانی بارسێلۆنا رێزێکی زۆریان لەو یاریزانە نا و هەمووان بەیەکەوە ئاهەنگی بردنەوەیەکی گەورەیان گێڕا.
 
بەم بردنەوەیە یانەی بارسێلۆنا بووە خاوەنی 6 خاڵ و ئێستا لە ریزبەندی یانەکانی چامپیۆنزلیگدا لە پلەی دەیەمی ریزبەندە.