لالیگا..ریال مەدرید و سێلتاڤیگۆ شەڕی جیاکردنەوەی هاوبەشیی دەکەن

24-10-2015
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
ئه‌رسه‌لان عه‌بدولڵا
...
...
نیشانەکردن سێلتاڤیگۆ ریال مەدرید لالیگا
A+ A-

كاتێك یانەی سێلتاڤیگۆ ئەمڕۆ لە گەڕی نۆیەمی لالیگای ئیسپانیادا میوانداریی ریال مەدرید دەكات، هەوڵدەدات تیپە گەورەكەی ئیسپانیا بكاتە  قوربانی، هەروەكو چۆن بارسیلۆنای جەمسەرەكەی دیكەی ئیسپانیاشی كردە قوربانی و چوار گۆڵی لێ تۆماركرد.

سێلتاڤیگۆ، كە ئەم وەرزە سوپرایزی كردووە و بە ئاستێكی سەرسوڕهێنەر دەركەوتووە، ئەمڕۆ لە یاریی لوتكەی ئەم هەفتەیەی لالیگادا، دەیەوێت هاوبەشیی خۆی لەگەڵ ریال مەدریددا جیابكاتەوە، كە ئێستا هەردوو یانە شانبەشانی بارسیلۆنا، هەریەكەی 18 خاڵیان هەیە و پلەكانی یەكەم تاكو سێیەمی ریزبەندییان گرتووە و ریال بە گۆڵ لە پلەی یەكەمە.

سێلتا لەگەڵ ریال مەدریددا تاكە دوو تیپن لە لالیگادا، كە ئەم وەرزە شكستیان نەهێناوە و هەریەكەیان 5 سەركەوتن و 3 بەرامبەربوونیان هەیە.

گەورەترین ئەنجامی سێلتاڤیگۆش، سەركەوتنی بوو بەسەر بارسیلۆنا لە گەڕی پێنجەمدا كە بە 4-1گۆڵ لێبردەوە، هاوكات هەفتەی رابردووش بە سەركەوتنی بەسەر ڤیاڕیال پلەی یەكەمی بە ریال بەخشی، بەڵام ئەمڕۆ خۆی دەیەوێت ریال لە لوتكەدا دووربخاتەوە.

لەلای خۆیەوە یانەی ریال مەدرید دوای بەرامبەربوونی لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگ و پاراستنی سەرووی كۆمەڵەكەی، ئەمڕۆ خۆی ئامادەكردووە سلێتاڤیگۆ لە خۆی دووربخاتەوە و جیاوازی لە خاڵەكاندا دروست بكات، بەڵام ئەركیشی ئاسان نابێت، لەژێر رۆشنایی پێكانی یاریزانەكانی، كە هەریەكە لە گاریس بەیڵ، كەریم بن زێما و جەیمس رۆدرێگز و چەند یاریزانێكی دیكەش پێكانیان هەیە.

بۆیە رەنگە یارییەكە هەلێكی باش بێت بۆ ئیدواردۆی بیریزۆی راهێنەری ئارجێنتینی سێلتاڤیگۆ، سەركەوتنێكی دیكەی مێژووی بۆ یانەكەی تۆماربكات.

لەگەڵ ئەوەشدا چاودێران پێیان وایە ریال مەدرید هێشتا توانا و یاریزانی پێویستی هەیە بەربەستی سێلتاگیڤۆ ببڕێت، بە بەڵگەی ئەوەی لە یارییەكەی پاریسیش بەبێ كۆمەڵێك لە ئەستێرەكانی یاریی كرد و ئەنجامەكەشی باش بوو.

هەر ئەمڕۆ شەممە چەند یارییەكی دیكەش لە لالیگا بەڕێوەدەچن، لەوانە یانەی سڤییا میوانداریی یانەی گیتافی دەكات و هەوڵدەدات سەركەوتن تۆماربكات و قەرەبووی دواكەوتنی لە ریزبەندیی خولەكەدا بكاتەوە.

سڤییا چوارشەممە لە چامپیۆنزلیگ لە دواساتی یارییەكەیدا بەرامبەر مانچێستەر سیتی دۆڕا، بۆیە ئەو یارییە هەلێكی باشە بۆ كوڕانی ئۆنای ئیمرێ، تاكو دڵی جەماوەرەكەیان شادبكەنەوە و هەنگاوێكیش لە پلەكانی پێشەوەی ریزبەندی لالیگا نزیك ببنەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە