کاسانۆ هێرشێکی چاوەڕواننەکراو دەکاتە سەر رۆناڵدۆ

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنتۆنیۆ کاسانۆ، هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و یانەی ریال مەدرید رەخنە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەگرێت و دەڵێت "نازانێت تۆپی پێ بکات."
 
کاسانۆ، لەلێدوانێکی نوێدا لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە دەڵێت "کریستیانۆ یاریزانێکە نازانێت چۆن یاری تۆپی پێ دەکات، بۆیە ئەگەر تەنانەت کاروانەکەی بە تۆمارکردنی 3 هەزار گۆڵیش کۆتایی بهێنێت، بەلامەوە گرنگ نییە."
 
ئەنتۆنیۆ زیاتر دەڵێت "هیگواین، بنزیما، ئەگوێرۆ، زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ، لیڤاندۆڤسکی و سوارێز، هەمووان دەزانن چۆن یاری تۆپی پێ بکەن، ئەوان دەتوانن لە یاریگەدا کاری دیکە بکەن و پەیوەندی باشیان لەگەڵ هاوڕێکانیان هەبێت، پێچەوانەی ئەمانە رۆناڵدۆ ناتوانێت هاوئاهەنگی باشی لەگەڵ هاوڕێکانی هەبێت و هەموو ئامانجی ئەو تەنیا گۆڵ تۆمارکردنە."
 
هێرشبەرە ئیتاڵییەکە بەم قسانەی هاندەرانی رۆناڵدۆ تووڕەدەکات، ئەمە یەکەمجاری نییە رەخنە لە شێوازی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەگرێت.
 
ئەنتۆنیۆ کاسانۆ، لەکاروانی یارییکردنیدا بۆ یانەکانی ریال مەدرید، رۆما، ئینتەر، ئەیسی میلان، پارما، سامپدۆریا و باری یارییکردووە، لە یانەی ریال مەدرید لە 29 یارییدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 4 گۆڵی تۆمارکرد و 4 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.