سەرۆکی بارسێلۆنا هەڕەشەی دەرکردن لە کارەکەی لەسەرە


رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک ئەندامی یانەی بارسێلۆنا، داوای لێکۆڵینەوە لە خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەکە دەکەن، بەپێویستی دەزانن دەستەی گشتیی یانەکە گفتوگۆ لەبارەی داهاتووی سەرۆک و دەستەی کارگێڕیی ئێستای یانەکە بکات.
 
ئەگەرچی لە دوای گەڕانەوەی خوان لاپۆرتا، بۆ سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنا، دۆخی یانەکە لە هەموو روویەکەوە بەرەو باشی چووە و تەنگژە داراییەکانی یانەکە کەمتربوونەتەوە، بەڵام ژمارەیەک ئەندامی دەستەی گشتیی بارسێلۆنا، لە دۆخی یانەکە رازی نین.
 
رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی دەڵێ، هەندێک وردەکاری لە یانەکەدا هەیە کە ژمارەیەک ئەندامی یانەکەی خستووەتە دڵەڕاوکەوە.
 
بەپێی ئەوەی رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، ژمارەیەک لە دژبەرانی لاپۆرتا، لە بڵاوکراوەیەکدا گوتوویانە پێویستە کارگێڕیی یانەکە گفتوگۆی ئەلیکترۆنی رێکبخات کە ئەنجامەکەی ناچار بەپابەندکردن بێت، تاوەکو ئەو ئەندامانەی مافی دەنگدانیان هەیە، بڕیار بدەن لەبارەی مانەوە یان رۆیشتنی دەستەی ئێستای کارگێڕیی یانەکەب و سەرۆکی یانەکە.
 
ئەو دەستەیە، ماوەی دە رۆژیان بەکارگێڕیی ئێستای یانەکەداوە بەسەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا، تاوەکو ملکەچی دەنگدانی دەستەی گشتیی دەنگدەرانی یانەکە بێت بۆ وەرگرتنەوەی متمانە یان دووپاتکردنەوەی متمانە بەتیمەکەی.
 
ئەوان هەڕەشەی ئەوەیانکردووە، کە "رێگەی دیکە دەگرنە بەر بۆ دەستەبەرکردنی ناچارکردنی ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکە، بەگوێگرتن لە دەستەی گشتی"، ئەگەر وەڵامی داخوازییەکەیان وەرنەگرنەوە.
 
ئەو کۆمەڵانەی ئێستا هەڕەشە لە خوان لاپۆرتا و دەستەی کارگێڕیی یانەکە دەکەن، پێشتر داوای متمانەوەرگرتنەوەیان لە جۆسیپ ماریا بارتۆمیۆی سەرۆکی پێشووی یانەکە کردبوو، بەڵام ئەو بەرلەوەی بکەوێتە بەر لێپیچینەوەی ئەندامانی یانەکە، دەستی لەکارکێشایەوە، چونکە دڵنیابوو لەوەی متمانەی لێوەردەگیرێتەوە.
 
دەستە ناڕازییەکە، حەوت خاڵیان خستووەتە روو کە پێیانوایە هۆکارە بۆ لێپێچینەوە لە خوان لاپۆرتا و ئەندامانی دیکەی یانەکە. خاڵەکانی ئەوان پەیوەندییان بەبوارەکانی ئابووری، وەرزشی و کۆمەڵایەتیی یانەکەوە هەیە.
 
بەپێی بڵاوکراوەی دەستەکە، بابەتی 'بووژانەوە' ئابوورییەکان کە لاپۆرتا پەنای بۆ بردووە لەپێناو چاککردنەوەی دۆخی دارایی یانەکە، "بەخراپ بەکارهێنراوە" و بەوەش سنووری چارەسەرکردنی کێشەکانی زۆر تەسککردووەتەوە و داهاتووی یانەکەی خستووەتە مەترسییەوە.
 
ئەندامەکانی بارسێلۆنا کە لە بڵاوکراوەکەدا بەشدارییانکردووە، هەروەها رەخنەیان لە شێوازی مامەڵەکرنی یانەکە لەگەڵ هەندێک لە ئەفسانەکانی هەیە، بەتایبەت رۆیشتنی لیۆنێل مێسی، چاڤی هێرناندێز و رۆناڵد کومان لە یانەکە، کە بەبڕوای ئەوان بەبێڕێزییەوە لە یانەکە بەڕێکراون.
 
کۆمەڵەکە هەروەها شێوازی مامەڵەی دەستەی کارگێڕیی یانەکەیان لەگەڵ دۆسێی خۆسێ ماریا نیگرێرای ناوبژیوانی پێشوو بەدڵ نییە، ئەوان دەڵێن کارگێڕیی ئێستای یانەکە نەیتوانیوە روونی بکاتەوە چۆن کارەکەی کردووە و ئەوەش بووەتە هۆکاری ناوزڕاندنی یانەکە.
 
دۆسێیەکانی دیکەی رەخنەی لای ئەو ژمارە ئەندامەی بارسێلۆنا پەیوەندی بەناڕوونی لە گرێبەستی کۆمپانیا بازرگانییە هاوبەشەکانی یانەکە و رۆیشتنی یاریزانە لاو و بەهرەمەندەکان لە یانەکە هەیە.
 
تاوەکو ئێستا وەڵامی کارگێڕیی ئێستای بارسێلۆنا، بۆ ئەو تۆمەتانەی لەلایەن ئەو ژمارە ئەندامەوە ئاراستەی کراوە، روون نییە.