خلێفی وەڵامی مێسی دەداتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتین ئاراستەی یانەکەی پێشووی کردبوو.
 
مێسی لە دوایین چاوپێکەوتنی رۆژنامەڤانیدا گوتبووی، ئەو تاکە یاریزان بووە لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کە دوای بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2022ی قەتەر، لەلایەن یانەکەیەوە رێزی لێنەنراوە و رێوڕەسمی تایبەتی بۆ ساز نەکراوە.
 
مێسی دوای دوو ساڵ یاریکردن لە سانجێرمان، هاوینی ئەمساڵ لەو یانەیە رۆیشت و پەیوەندی بە ئینتەرمەیامیی ئەمریکییەوە کرد.
 
ناسڕ خلێفی لە وەڵامی قسەکانی مێسیدا دەڵێ، "هەمووان بینییان ئێمە چیمان بۆکرد، گرتەی ڤیدیۆییمان بڵاوکردەوە کاتێک ئێمە لە مەشقەکاندا پێشوازی لە مێسی دەکەین و بەتایبەتیش ئاهەنگمان بۆ گێڕا".
 
سەرۆکی سانجێرمان هەروەها دەڵێ، "بەڵام لەگەڵ رێزی زۆریشماندا، ئێمە یانەیەکی فەرەنسین و قبووڵکراو نەبوو لە یاریگەدا یاهەنگی بۆ گێڕین، دۆخەکە هەستیار بوو".
 
ناسڕ خلێفی زیاتر دەڵێ، "دەبێ ئێمە رێزی ئەو وڵاتە بگرین کە ئەوان لە یاریی کۆتاییدا لێیان بردەوە، هەروەها دەبوو رێزی هاوڕێکانی ئەو بگرین لە هەڵبژاردەی فەرەنسا و پاشان رێز لە هاندەرەکانیشمان بگرین".
 
سەرۆکی یانە فەرەنسییەکە لە کۆتاییدا دەڵێ، "بەڵام مێسی پێشتر و ئێستاش هەر یاریزانێکی نایابە و شانازین بەوەوە کە لەگەڵمان یارییکردووە و یاریزانی ئێمە بووە".
 
لە دوای بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالەوە لەلایەن هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، یاریزانانی ئەو هەڵبژاردەیە لە هەر یانەیەکبوون، رێزلێنان و ئاهەنگی تایبەتیان بۆ سازکرابوو.