ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا ریمۆنتادای کرد و 3 خاڵی لە قورگی سێلتاڤیگۆ دەرهێنا

24-09-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by Pau BARRENA / AFP
Photo by Pau BARRENA / AFP
نیشانەکردن بارسێلۆنا سێلتاڤیگۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا ریمۆنتادایەکی زەحمەتی بەسەر سێلتاڤیگۆدا کرد و 3 خاڵی گرنگی لە قورگی میوانەکەی دەرهێنا.
 
لە گەڕی شەشەمی لالیگادا، بارسێلۆنا میوانداری سێلتاڤیگۆی کرد و 3-2 لێیبردەوە.
 
یۆرگن لارسن لە خولەکی 19 کەتەلۆنییەکانی تووشی شۆک کرد و گۆڵی پێشکەوتنی بۆ سێلتاڤیگۆ لە تۆری تیر شتیگن تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی تیپی میوان کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا بەرگریکارانی سێلتاڤیگۆ وەک دیوارێکی پۆڵایین لە بەردەم هێرشەکانی بارسادا وەستان، تاوەکو ئەناستاسیۆس دۆڤیکاس لە خولەکی 76 جارێکی دیکە بارسای شۆککرد و گۆڵی دووەمی سێلتای تۆمارکرد.
 
لە کاتێکدا هاندەرانی بارسێلۆنا خەریکبوو بێئومێد دەبن، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی سەلماندی کە پیاوی تەنگانەیە و لە چوار خولەکدا دوو گۆڵی بۆ بارسا تۆمارکرد، یەکەمیان لە خولەکی 81 و دووەمیشیان لە خولەکی 85. دواتر تیپی خاوەن یاریگە بەوەندەش رازی نەبوو، و  جواو کانسێلۆ لە خولەکی 89 گۆڵی سێیەم و ریمۆنتادای تۆمارکرد و بارسا 3 خاڵەکەی بردەوە.
 
ئەوەی لە خۆشییەکانی بارسێلۆنای کەمکردەوە ئەوەبوو کە فرێنکی دی یۆنگی یاریزنای هۆڵەندی توشی پێکان بوو، و پێشبینی دەکرێت 5 تاوەکو 7 هەفتە دووربکەوێتەوە.
 
بەم سەرکەوتنە بارسێلۆنا بۆ ماوەیەکی کاتی و بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ چووە پێشەنگی ریزبەندیی لالیگا، لە کاتێکدا سێلتاڤیگۆ بە 4 خاڵ گەڕایەوە پلەی حەڤدەمی ریزبەندی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە