راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا: 40 ئەستێرەم هەیە

رووداو دیجیتاڵ

 

لویس ئێنریکی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، سەبارەت بە یارییەکەی ئەمشەویان بەرامبەر سویسرا، رایگەیاند کە هیچ بیر لە یاریی داهاتوویان بەرامبەر هەڵبژاردەی پۆرتوگال ناکەنەوە، گوتیشی "40 ئەستێرەم هەیە".
 
ئەمشەو لە گەڕی پێنجەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی نەیشنسلیگدا، هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەبێتە میوانداریی هەڵبژاردەی سویسرا دەکات و یارییەکە کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
لویس ئێنریکی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکاران کرد و سەرەتا لەبارەی یارییەکەیانەوە گوتی "بەبێ گوێدانە ئەنجامی ئەم یارییە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی کە تێیداین، ئەگەر لە پۆرتوگال ببەینەوە، دەگەینە چوارگۆشەی زێڕین کە ئامانجمانە، بەڵام ئەمە هیچ مانایەکی نییە، چونکە هەرچییەک رووبدات هەڵبژاردەی نیشتمانی بەو حسابانەوە یاری ناکات، بۆ یاریی سویسرا ئەو یاریزانانەی بە باشترین شێوە ئامادەبن یارییان پێدەکرێت. پاشان گۆڕانکارییەکی زۆر هەیە کە ئێمە گرنگی پێ نادەین".
 
ئێنریکی لە درێژەی قسەکانیدا، گوتیشی "پێموایە 40 ئەستێرە لە لیستی 40 یاریزانەکانمدا هەیە، یان 50. دواتریش لەبارەی ئەوەی هەندێکیان لە یاریزانانی دیکەی هەڵبژاردەی نیشتمانی باشتربن، لە راستیدا کاتێک سەیری تیپەکەم دەکەم تیپێکی پڕ ئەستێرەیە، کە هەرگیز لە راکردن ناوەستن کاتێک تۆپمان لەلا نییە، لە کاتی بەرگریشدا بەردەوام دەبن لە دروستکردنی گوشار، هەمووان دەزانن چیدەکەن کاتێک تۆپەکەیان لەلا دەبێت. ئایا ئەوە بەسە بۆ بردنەوە؟ دەیبینین، تاوەکو ئێستا ئەوەندە خراپ نەبووە".
 
راهێنەری هەڵبژاردەی ماتادۆر، گوتیشی "یارییەکەمان بەرامبەر سویسرا یارییەکی زۆر قورس و زۆر هاوسەنگ دەبێت. لە رووی جەستەییەوە بەهێزن و لە رووی تەکنیکیشەوە یاریزانی بەئەزموونیان هەیە. یارییەکی هاوسەنگ دەبێت وەک ئەوانەی دیکە، کە لە بەرامبەریان ئەنجاممان داون و زۆر قورس دەبێت".