ڤیدیۆ؛ نیکۆ لە بارسێلۆنایە و فلیک لەژێر گوشاردایە

رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا بەسەرکردایەتی هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی، ئامادەیە بۆ یارییەکی زەحمەت کە تێیدا میوانداریی یانەی ئاتلێتیک بیلباو دەکات لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی دووەمی لالیگا.
 
ئەم یارییە لە کاتێکدایە کە بارسا لە گەڕی یەکەمدا زۆر بەزەحمەت لە ڤالێنسیای بردەوە، و ئاتلێتیک بیلباویش دوو خاڵی لەگەڵ خیتافی لەدەستدا.
 
یانە کەتەلۆنییەکە بەئامانجی بردنەوە لە بیلباو دەچێتە نێو یاریگە، چونکە بردنەوەی یارییەکی دیکە و بەرامبەر تیپێکی وەک بیلباو بۆ بارسا زۆر گرنگە، بەو پێیەی تیپەکە متمانە لەگەڵ راهێنەرە نوێیەکەی هانسی فلیک بەدەستدێنێت.
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکەی بارسا، ئەگەرچی بێبەش دەبێت لە تواناکانی زۆر لە یاریزانە گرنگەکانی وەک گاڤی، دی یۆنگ و ئاراوخۆ، بەڵام کۆمەڵێک یاریزانی لاوی بەتوانای لەبەردەستدایە، کە دەکرێت لە دۆخە قورسەکاندا پشتیان پێببەستێت، بەتایبەتی کە لە یاریی ڤالێنسیادا ئەو راستییەیان سەلماندووە.
 
لە بەرامبەردا بیلباو بە چەکی دیاری خۆی کە نیکۆ ویلیامزە یاری دەکات و هەوڵدەدات لە بارسێلۆنا بباتەوە و بە کەتەلۆنییەکان بڵێت بەو چەکەوە لێتان دەبەینەوە کە دەتانویست لەدەستمان دەریبێنن.
 
بیلباو تیپێکی رێکخراو و خاوەنی کۆمەڵێک یاریزانی بەتوانایە و لێبردنەوە لەو یانەیە نە بۆ بارسا و نە بۆ هیچ یانەیەکی دیکە ئاسان نابێت.
 
بارسا لە رووی مێژووییەوە باڵادەستییەکی گەورەی بەسەر بیلباوەوە هەیە و پێشتر لە چوارچێوەی خولی ئیسپانیادا 186 جار رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، بارسێلۆنا 94 یاری بردووەتەوە و 60 یاری دۆڕاندووە. 32 جاریش هەردوو یانە بە یەکسانبوون لە یاریگە چوونەتە دەرەوە، بەڵام نە بارسای ئێستا وەک جاران بەهێزە و نە بیلباویش وەک جاران ئاسانە بۆ شکستپێهێنان، کە دوایین یاریی نێوان هەردوو یانەکە لە وەرزی رابردووی لالیگادا بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتایی هاتووە.
 
یارییەکانی ئەمڕۆی لالیگا:ـ
 
ئۆساسونا - مایۆرکا 18:00
بارسێلۆنا - ئاتلێتیک بیلباو 20:00
لالیگا.. ئیسپانیۆل - ریال سۆسیداد 22:30
خیتافی - رایۆ ڤاییکانۆ 22:30