تیروپشکی چامپیۆنزلیگ کەریم بنزیمای هێنایە هەولێر
رووداو هەولێر
ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، راکێشانی تیروپشکی جامی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، لەگەڵ جامی یەکێتیی ئاسیای ئەنجامدا.
لە جامی یەکێتیی ئاسیا هەریەک لە یانەکانی زەورا و کارەبا وەک نوێنەرانی عێراق بەشدارییانکردووە، یانە بەشدارەکان لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەمشێوەیە دابەشکراون:
کۆمەڵەی یەکەم: عەهدی لوبنانی، فتوەی سوری، جەبەل موبەکری فەڵەستینی، نەهزەی عوممانی.
کۆمەڵەی دووەم: وەحداتی ئوردنی، کوێتی کوێتی، کارەبای عێراقی، ئەهلی حەلەب سووری.
کۆمەڵەی سێیەم : زەورای عێراقی، رەفاعی بەحرەینی، نەجمەی لوبنانی، عەرەبی کوێتی.
دوای تەواوبوونی یارییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکان، یانەی یەکەمی هەر کۆمەڵەیەک لەگەڵ باشترین دووەمی کۆمەڵەکان سەردەکەون بۆ قۆناخی کۆتایی.
لە جامی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، یانەی جەوییە نوێنەرایەتی عێراق دەکات، دوای راکێشانی تیروپشکەکە، یانەکان بەمشێوەیە دابەشکران:
کۆمەڵەی یەکەم: باختاکۆری ئۆزبەکستانی، فەیحای سعودی، ئەهلی تورکمنستانی، عەینی ئیماراتی.
کۆمەڵەی دووەم: سەدی قەتەری، ناسافی ئۆزبەکستانی، فەیسەڵی ئوردنی، شاریقەی ئیماراتی.
کۆمەڵەی سێیەم: ئیتیحادی سعودی، سابهان ئێرانی، جەویەی عێراقی، ئەجمەکی ئۆزبەکستانی.
کۆمەڵەی چوارەم: هیلالی سعودی، ناساجی ئێرانی، بۆمبای هیندی، ناڤباهۆری ئۆزبەکستانی.
کۆمەڵەی پێنجەم: پێرسپۆلیسی ئێرانی، دەحێلی قەتەری، ئیستقلالی تاجیکستانی، نەسری سعودی.
وەشانی 21ی جامی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا مانگی 9ـی ئەمساڵ دەستپێدەکەن، یارییەکانی یانەی جەوییە لەنێو یاریگەی فرانسۆ هەریری شاری هەولێر بەڕێوەدەچن.
یاریی گەڕانەوەی نێوان یانەی ئیتیحاد و جەویە لە شاری هەولێر دەکرێت، بەو پێیەی یانەی جەوییە یارییەکانی لەسەر یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجام دەدات، واتا کەریم بنزیمای ئەستێرەی فەرەنسیی یانە سعودییەکە لە پایتەختی کوردستان دەبێت.
یانەی جەوییە لە 1931 دامەزراوە، یانەیەکی جەماوەری شاری بەغدایە و پێشتر 3 جار نازناوی جامی یەکێتیی ئاسیای بردووەتەوە.