ڤیدیۆ؛ دوو هاندەر بە بایسکل بۆ مۆندیال لە فەرەنساوە دەچنە قەتەر

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو هاندەری سەرسەختی هەڵبژاردەی فەرەنسا، دەیانەوێت بە چالنجێکی ناوازە هەموو دونیا سەرسام بکەن و لە مۆندیالدا هانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان بکەن بۆ بەرگریکرن لە نازناوی جامی جیهان.
 
گابریێل مارتن، مەهدی بالامیسا، دوو گەنجی فەرەنسین، هاوتەمەنن و 26 ساڵە لەدایکبوون. ئەوان بڕیاریانداوە بۆ ماوەی 6400 کیلۆمەتر بە بایسیکلەوە لە پاریسەوە گەشت بکەن بۆ دەوحەی پایتەختی قەتەر، بۆ هاندانی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکان لە مۆندیالدا، کە 20ـی مانگی 11 دستپێدەکات.
 
ئەوان هەر لە ئێستاوە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی گەشتە درێژخایەنەکەیان بە سەرکەوتووی ئەنجام بدەن.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا پاڵپشتی ئەو دوو هاندەرە گەنجە دەکات،  درێس و بلیتی یارییەکانیان بۆ دابین دەکەن و بۆ ئەوەی ماندووبوونیان بەفیڕۆ نەڕوات و لەنێو یاریگەدا و راستەوخۆ پشتگیری  هەڵبژاردەی فەرەنسا بکەن، 
 
گابریێل مارتن، یەکێک لە هاندەرەکانە و دەڵێت " بەڕاستی زۆر خۆشە کە لەنێو یاریگەدا پشتگیری هەڵبژاردەکەمان بکەین، چونکە ئێمە هەموو رۆژێک لە دوورەوە پشتگیریان دەکەین، فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنساش بایەخمان پێدەدات و هاوکارمانە. درێس و بلیتی یارییەکانمان بۆ دابین دەکات، بەڕاستی زۆر نایاب و سەرنجڕاکێشە کە راستەوخۆ پشتگیری تیپەکەمان بکەین، ئێمە هەموو شتێک دەکەین لەپێناو وڵاتەکەمان."
 
بیرۆکەی ئەو دوو هاندەرە ئەوەیە کە سەرەتا بچنە ئیستەنبوول، کە پێویتسە 3 هەزار کیلۆمەتر ببڕن بۆ گەیشتن بە تورکیا، ئینجا دوو رێگەیان لەپێشە بۆ گەیشتن بە دەوحە.
 
مەهدی بالامیساش لە سەرکێشییەکەدا بەشدارە و لەبارەی گەشتەکەیانەوە دەڵێت " کە گەیشتینە ئیستەنبوول دوو بژاردەمان لەبەردەستدایە، یەکێکیان لە رێگەی ئێرانەوەیە، بە مەرجێک ڤیزە وەربگرین، دواتر دەچینە دوبەی و پاشان دەچینەوە دەوحە، ئەگەرنا بژاردەی دیکەمان ئەوەیە بچینە ئەودیوی نیمچە دورگەی عەرەبی، رەنگە میسر یان ئیسرائیل، پاشان ئوردن و سعودیە و دواجار بگەینە دەوحە، بەڵام هەرچییەک رووبدات، ئێمە لە نێوان 7000 بۆ 8000 کیلۆمەترمان لە پێشە، بۆیە قاچەکانمان گەرم دەبن."
 
ئەم دوو هاندەر یەکەمجار نییە ئاڵنگاری بکەن، ئەوان هەمیشە پێکەوە سەرکەوتوون و دڵنیان لەوەی ئەمجارەش سەرکەوتوو دەبن و لە نزیکەوە هانی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەدەن بۆ بردنەوەی مۆندیال.