خولی بالەی کچانی عێراق بەردەوامە
رووداو هەولێر
یارییەکانی خولی بالەی لاوانی کچانی یانەکانی عێراق لە شاری سلێمانی بەردەوامە و یانەکانی کوردستان رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکەن.
ئەمساڵ کێبرکێکە بە بەشداری 10 یانە بەشێوازی دوو کۆمەڵە بەڕێوەدەچن، یارییەکان بەسەرپەرشتی فیدراسیۆنی بالەی عێراقە و لە هەر کۆمەڵەیەک دوو یانە سەردەکەون بۆ بۆ قۆناخی چوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانێتییەکە.
یانە بەشدارەکانی پاڵەوانێتیی بالەی لاوانی کچانی عێراق بریتین لە: ئەکاد عەنکاوە، ئافرەتانی هەولێر، سلێمانی، ئەفرۆدێت، دەربەندیخان، قەرەقۆش، تەقتەق، خاڵس، سۆلاڤ، شۆڕجە لەگەڵ سەرچنار.
عەباس هیندی، بەرپرسی نوسینگەی راگەیاندنی فیدراسیۆنی بالەی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "مەبەست لە سازکردنی ئەم پاڵەوانێتییە دەرخستنی توانای کچە یاریزانانە لە تەمەنی بچووک و هەنگاونانە بۆ دروستبوونی ژمارەیەک کچە یاریزانی ئاستبەرز بۆ داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق، ئەوەی دەبیندرێت لە یارییەکاندا ئاستبەرزی تیپەکانە بەشێوەیەکی گشتی تایبەت یانەکانی شاری هەولێر و سلێمانی".
یارییەکانی ئەمڕۆ:
ئەفرۆدێت - شۆڕجە
ئەکاد عەنکاوە - سەرچنار
سۆلاڤ - خاڵس
قەرەقۆش - تەقتەق
سلێمانی - ئافرەتانی هەولێر
بەردەوام یانەکانی کوردستان کۆنتڕۆڵی نازناوی پاڵەوانێتیی بالەی کچانی عێراقیان کردووە، وەرزی رابردوو یانەی سەنحاریب، کە یانەیەکی شاری دهۆکە توانی نازناوی پاڵەوانێتیی بالەی کچانی عێراق لە ئاستی کچان بەرز بکاتەوە.