ئەستێرەیەکی پێشووی بارسا: ئێستا تێدەگەم کە بۆچی گواردیۆلا، کانسێلۆی ناوێت

رووداو دیجیتاڵ
 
جواو کانسێلۆ، بەرگریکاری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەهۆی ئاستی ئەم دواییەی رووبەڕووی رەخنەی تووند دەبێتەوە.
 
دوای ئەوەی لە ناوەڕاستی وەرزی رابردوودا لە یانەی مانچێستەر سیتی، کێشە و ناکۆکی کەوتە نێوانیان لەگەڵ پێپ گواردیۆلا، کانسێلۆ بەخواستن درا بە یانەی بایرن میونشن و دواتریش بە یانەی بارسێلۆنا، ئێستا ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بەرگریکارە پۆرتوگالییەکە هیچ یارییەکی بۆ سیتیزنس ئەنجامنەداوە. 
 
لە ماوەی رابردوودا، بارسێلۆنا بەرامبەر پاریس سانجێرمان شکستی هێنا و ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد، هەروەها یاریی کلاسیکۆشی بە ریال مەدرید دۆڕاند و ئێستا هیوایەکی کەمی بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوی لالیگا ماوە، ئاستی کانسێلۆ لەو دوو یارییەدا بووە جێگەی سەرنجی هاندەران و رووبەڕووی رەخنە کرایەوە، لەوبارەیەوە فرانک دی بۆری یاریزانی پێشووی بارسا دەڵێت "ئێستا تێدەگەم کە گواردیۆلا بۆچی کانسێلۆی ناوێت."
 
ئەستێرەکەی پێشووی بارسا زیاتر دەڵێت "کانسێلۆ تەنیا بیر لەوە دەکاتەوە کە چۆن یاری بە تۆپەوە بکات، لە کاتێکدا ئەو بەرگریکارە. پێموایە ئەوە شتێکی باوەڕپێنەکراوە کە کانسێلۆ لە تەمەنی 29 ساڵیدا هەمان هەڵەکانی رابردووی دووبارە دەکاتەوە."
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای پەیوەندیکردنی بە بارسێلۆناوە ئاستی کانسێلۆ بەشێوەیەک باشبوو کە هەرزوو خۆشەویستی هاندەرانی یانەکەی بەدەستهێنا و لە چەندین بۆنەی جیاوازدا، خوان لاپۆرتای سەرۆکی بلاوگرانا رایگەیاند کە هەوڵ دەدەن گرێبەستی بەرگریکارەکە پۆرتوگالییەکە بکەن بە هەمیشەیی.