ڤیدیۆ؛ دییۆنگ سەرکردایەتی ئایندهۆڤنی کرد بۆ بردنەوە لە ئایاکس
رووداو دیجیتاڵ
لە یاریی لووتکەی خولی نایابی هۆڵەندادا، یانەی ئایندهۆڤن شکستێکی گەورەی بە یانەی ئایاکس گەیاند و خۆی نزیککردەوە لە فاینۆردی پێشەنگ.
لە گەڕی 30ـی خولی هۆڵەندا، ئایندهۆڤن میوانداری ئایاکسی کرد و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لێیبردەوە.
لە گێمی یەکەمدا لوک دییۆنگ لە خولەکی 13ـدا گۆڵی یەکەم و پێشکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد و نیوەی یەکەم بەو تاکە گۆڵە کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا و دوای تێپەڕبوونی 9 خولەک، چاڤی سیمۆنس بە لێدانی سزا گۆڵی دووەمی ئایندهۆڤنی تۆمارکرد. بەر لەوەی لوک دییۆنگ بگەڕێتەوە و لە خولەکی 78 گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەی تۆماربکات.
بەم ئەنجامە یانەی ئایندهۆڤن ژمارەی خاڵەکانی بۆ 65 خاڵ بەرزکردەوە و گەیشتە پلەی دووەمی ریزبەندی، کە 8 خاڵە لە فاینۆردی پێشەنگ دوورە، ئایاکسیش بە 62 خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە.