کانسێلۆ: گواردیۆلا درۆی کردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
جواو کانسێلۆ، بەرگریکاری یانەی مانچێستەر سیتی کە ئێستا بە خواستن لە بارسێلۆنا یاری دەکات، هێرش دەکاتە سەر پێپ گواردیۆلای راهێنەری سیتیزنس و  بە "درۆکردن" تۆمەتباری دەکات.
 
وەرزی رابردوو، کانسێلۆ مانچێستەر سیتی بەجێهێشت و بەخواستن پەیوەندی بە بایرن میونشنەوە کرد، دوای تەواوبوونی ماوەی خواستنەکەی لەگەڵ یانە باڤارییەکە، کانسێلۆ بەبێ ئەوەی هیچ یارییەک لەگەڵ مانچێستەر سیتی ئەنجامبدات، جارێکی دیکە یانەکەی بەجێهێشت و بەخواستن چووە بارسێلۆنا. 
 
بەپێی هەواڵەکان، رۆیشتنی کانسێلۆ لە مانچێستەر سیتی بەهۆی کاردانەوەی یاریزانەکەوە بووە کاتێک گواردیۆلا لە چەند یارییەکەدا لەسەر کورسی یەدەگ دایناوە، بەڵام بەرگریکارە پۆرتوگالییەکە بۆچوونێکی دیکەی هەیە و لەوبارەیەوە دەڵێت "زۆر درۆ کرا! من هەرگیز هاوتیپێکی خراپ نەبوومە و دەتوانیت ئەوە لە ناسان ئاکێ و ریکۆ لویس دڵنیابکەیتەوە."
 
کانسێلۆ زیاتر دەڵێت "پێموایە مانچێستەر سیتی کەمێک بێنمەکبوون بەرامبەرم کاتێک ئەو قسانەیان کرد، چونکە من یاریزانێکی زۆر گرنگبووم لەو چەند ساڵەی لەوێ یاریمکرد و هەمیشە زۆرترین هەوڵم داوە، تەنانەت جارێکیان چەند دزێک هەڵیانکووتایە سەر ماڵەکەم، بەڵام من رۆژی دواتر چوومە یاریگەی ئیمارات و بەرامبەر ئارسیناڵ یاریمکرد، هاوسەر و کچەکەشم لەو دۆخە سەختەدا لە ماڵەوە بەجێهێشت، بەڵام خەڵکی باسی ئەوە ناکەن، چونکە بەڕێز گواردیۆلا توانای لە من زیاترە کاتێک کە قسە دەکات، لە کاتێکدا من قسەکانم بۆخۆم هەڵدەگرم."
 
بەرگریکارە پۆرتوگالییەکە راشیگەیاند لە بەجێهێشتنی مانچێستەر سیتی بەخواستن پەشیمان نییە و لەوبارەیەوە دەڵێت "من لەم ساتەی ئێستا دەژیم، هەندێک شت هەبوون کە وایانکرد ساڵی رابردوو بەخواستن بدرێم بە بایرن میونشن. من لە هیچ شتێک پەشیمان نیم، سەرەڕای ئەوەی کە مانچێستەر سیتی بووە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ. پێموایە بڕیارێکی درووستمدا بەوەی چوومە یانەیەک کە بەڕاستی منی دەویست. دواتریش لەپێناو پەیوەندیکردن بە بارسێلۆنا، مووچەکەم کەم کردەوە و هیچ نیگەرانیش نیم لەبارەی ئەو بڕیارەوە."