ڤیدیۆ؛ ئیلینیچ هۆکاری ئاهەنگگێڕانی لەسەر شێوازی رۆناڵدۆ لەبەردەم مێسیدا ئاشکراکرد

میتیا ئیلینیچ و لیۆنێل مێسی
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەو یاریزانە سلۆڤینییەی گۆڵی لە تیپی لیۆنێل مێسی تۆمارکرد و لەبەردەمیدا جوڵە ناسراوەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی دووبارە کردەوە، هۆکاری ئەو کارەی ئاشکرا دەکات و دەڵێت "خەونی من بوو لەبەردەم مێسیدا بیکەم".
 
میتیا ئیلینیچی سلۆڤینی، ئەستێرەی یانەی نیویۆرک سیتی، دڵخۆشییەکی زۆری خۆی دەربڕی بە لاساییکردنەوەی ئاهەنگی ئەفسانەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، لە بەرامبەر رکابەری هەمیشەیی خۆی، لیۆنێل مێسی، کاپتنی یانەی ئینتەرمەیامی، لەمیانی یارییەکدا کە هەردوو تیپەکەی لە خولی ئەمریکی کۆکردەوە و 2-2 کۆتاییهات.
 
ئیلینچ لە یارییە سەرنجڕاکێشەکەی نێوان ئینتەرمەیامی و نیویۆرک سیتی لە سەرەتای وەرزی نوێی خولی ئەمریکیدا سەرنجێکی زۆری بۆ خۆی راکێشا، چونکە یاریزانە سلۆڤینییەکە لە خولەکی 26ـی یارییەکەدا گۆڵی یەکسانکردنەوەی بۆ تیپەکەی تۆمارکرد، بەڵام ئەوەی مشتومڕی لێکەوتەوە شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی بوو، چونکە بە Siuuuuuu جوڵە بەناوبانگەکەی رۆناڵدۆ ئاهەنگی گێڕا.
 
ئەو ئاهەنگگێڕانەی لە سۆشیال میدیادا سەرنجی زۆری کەوتە سەر، بەو پێیەی وێنەیەکی ئاهەنگەکەی بڵاوکراوەتەوە و دەردەکەوێت کە مێسی و خاڤیێر ماسکیرانۆی راهێنەری پێشووی وەک ئەوەی باوەڕیان نەکردبێت یاریزانێکی دیکەی خولی ئەمریکی بتوانێت لاسایی رۆناڵدۆ بکاتەوە بەو شێوەیە.
 
ئیلینچیچ زۆر دڵخۆش بوو دوای ئەوەی لە بەردەم مێسی ئاماژەیەکی ورووژێنەری کرد، خۆشەویستی خۆی بۆ هێرشبەرە تەمەن 40 ساڵەکەی پێشووی یانەی ریال مەدرید و مانچێستەر یونایتد ئاشکراکرد.
 
لەدوای یارییەکە، ئەو یاریزانە سەبارەت بە ئاهەنگەکە، گوتی "من هاندەرێکی گەورەی کریستیانۆم، ئەگەر راستگۆ بم، ئەو کارە لە بنەڕەتدا خەونی من بوو، دەمویست لەبەردەم لیۆنێل مێسیدا ئەو کارە بکەم، دەتوانم بڵێم ئەوەش رەنگدانەوەی متمانەی گەورەی خۆمە، و زۆر دڵخۆشم کە دوێنێ ئەوە روویدا".
 
وەرزی 2025ـی خولی ئەمریکی دەستیپێکرد، ئینتەرمەیامی پاڵەوانی ئێستای خولی هاندەران بە یەکسانبوون بەرامبەر نیویۆرک سیتی دەستیپێکرد و بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ یەکسان بوون.