ڤیدیۆ؛ نەیمار لە کۆڕنەرەوە گۆڵی تۆمارکرد

رووداو دیجیتاڵ
نەیمار داسیلڤا، بە تۆمارکردنی گۆڵێکی تایبەت و دروستکردنی دوو گۆڵی دیکە سەرکردایەتیی بردنەوەیەکی دیکەی یانەی سانتۆسی کرد.
لە رکابەرییەکانی جامی پاولیستادا، سانتۆس بەرامبەر یانەی ئینتەرناسیۆنال دی لیمێرا یارییکرد و یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە.
لە خولەکی 9 تاکینۆ، بە ئاسیستی نەیمار گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی سانتۆس تۆمارکرد.
لە خولەکی 27 نەیمار، لە کۆڕنەرەوە گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد و سانتۆسی کردە خاوەنی دوو گۆڵ.
دوای پێنج خولەک نەیمار هەر لە کۆڕنەرەوە، ئاسیستی کرد و تاکینۆ گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەی سانتۆسی تۆمارکرد.
سانتۆس یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، یانەکە لە کۆمەڵەی دووەمی جامی پاولیستادا بووە خاوەنی 18 خاڵ و سەرکەوتنی بۆ قۆناخی هەشت یەکلابووەتەوە.