ڤیدیۆ؛ ئاگرکەوتنەوەکەی شاری ڤالێنسیا یارییەکی لالیگا دوادەخات

رووداو دیجیتاڵ
 
کارەساتێکی مرۆیی دەبێتە هۆی ئەوەی یارییەکی لالیگا بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت. 
 
وابڕیاربوو رۆژی شەممە، 24-2-2024، لە گەڕی 26ـی لالیگادا یانەی گرانادا میوانداری ڤالێنسیا بکات، بەڵام دەستەی لالیگا رایگەیاند کە بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە شاری ڤالێنسیا، ئەو یارییە بۆ کاتێکی نادیار دوادەخرێت. 
 
یارییەکە بڕیاربوو لە یاریگەی لۆس کارمێنێسی تایبەت بە گرانادا بەڕێوەبچێت، بەڵام ڤالێنسیا داوای دواخستنی یارییەکەی کرد دوای ئەوەی بەپێی هەواڵەکان زیاتر لە 10 کەس بەهۆی ئاگرێکەوە گیانیان لەدەستدا، کارەساتەکە لە باڵەخانەیەکی 14 نهۆمیدا روویدا و بەهۆی ئەو رووداوەوە سێ رۆژ ماتەمینی راگەیێنرا. 
 
ڤالێنسیا لە لالیگادا 36 خاڵی هەیە و لە پلەی هەشتەم دێت، گراناداش لە ناوچەی دابەزیندایە و پلەی 19ـمی گرتووە.