پێشمەرگەی هەولێر هیوای گەڕانەوەی بۆ رکابەری هەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە بە بەڕێوەچوونی دوو یاری، یارییەکانی گەڕی بیست و یەکی خولی نایابی کوردستان دەسپێدەکات.
لە پیرمام یانەی پێشمەرگەی هەولێر دوای ئەوەی لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەنجامەکانی لە ئاست چاوەڕوانی هاندەرانیدا نەبوو میوانداری یانەی دەربەندیخان دەکات، پێشمەرگەی هەولێر هیوای بردنەوەی 3 خاڵی یارییەکەی هەیە.
هێمن ئەسکەندەر، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی پێشمەرگەی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "تیپەکەمان بەشێوەیەکی باش راهێنان و ئامادەکاری بۆ ئەم یارییە کردووە، لەبەرئەوەی لە 7 یاری رابردووماندا تامی سەرکەوتنمان نەکردووە، هەروەها هەڤاڵ محەممەد لەم یارییەدا بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ناتوانێت یاری بکات".
لە پایتەختی رۆشنبیری بەهێزترین کێبرکێی ئەم گەڕە لەنێوان یانەی نەورۆز و یانەی هەولێر دەبێت، یانەی هەولێر لە دوای هاتنی بژار ئەکرەمی راهێنەر ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و هیوای تیپەکە درێژەدانە بەو ئاستە بەرزە، بەڵام ئەرکی درێس زەردەکان قورسە، لەبەرئەوەی نەورۆز بریندارە و هەفتەی رابردوو نەیتوانی یانەی هەندرێن بباتەوە و بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام دۆڕا.
هەر لە یارییەکانی ئەم گەڕەدا سبەی هەینی 3 یاریی دیکە بەڕێوەدەچن، لە شاری هەولێر یانەی برایەتی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە رکابەری یانەی زاخۆ دەکات، یانەی سیروانی نوێ ململانێی یانەی ئارارات دەکات، لە یارییەکی دیکەدا یانەی سۆران ئەرکی قورسە و لەنێو هاندەرانی یاری لەگەڵ یانەی هەندرێنی پێشەنگی ریزبەندی دەکات.
ئێستا یانەی هەندرێن بە کۆکردنەوەی 40 خاڵ لە پلەی پێشەنگی ریزبەندی خولی نایابی کوردستانە، یانەی سیروانی نوێ بە 34 خاڵ و یانەی چەمچەماڵ بە 29 خاڵ لە پلەکانی دووەم و سێیەمن.