ئاتلێتیکۆ مەدرید بەرامبەر ئایندهۆڤن ئەرکی ئاسان نییە


ئایندهۆڤنی هۆڵه‌ندی به‌ شێوه‌یه‌كی باش و به‌ وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه‌ خۆی بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئاتێلتیكۆ مه‌دریدی ئیسپانی ئاماده‌كردووه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ خولی نێوخۆییدا سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر هێراكلیس ئالمێلۆدا تۆماركرد و شوێنی خۆی له‌ پێشه‌نگی خوله‌كه‌دا پاراست.

ئایندهۆڤن به‌ سه‌ركردایه‌تی فیلیپ كۆكوی راهێنه‌ر و شاره‌زا له‌ تۆپی پێی ئیسپانیا، هه‌وڵده‌دات سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیپی دووه‌می ریزبه‌ندی خولی لالیگا تۆماربكات، پێش ئه‌وه‌ی له‌ یاریی گه‌ڕانه‌وه‌دا رووبكاته‌ دۆزه‌خی ڤێنسنتی كالدیرۆن، كه‌ بۆ هه‌ر تیپێك زه‌حمه‌ته‌ له‌وێدا رزگاری بێت و ئاتێلتی له‌ یاریگه‌ی خۆیدا خۆی راده‌ستی لۆژیكی یاری ناكات.

ئاتێلتیكۆ مه‌دریدیش له‌ لای خۆیه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ كه‌وته‌ داوی یه‌كسانبوون له‌گه‌ڵ ڤیاڕیال و هێرشبه‌ره‌كانی له‌كار كه‌وتن، به‌ڵام له‌ یاریگه‌ی فیلیپسدا له‌ رۆتردام، خۆی ئاماده‌كردووه‌ سه‌ركێشی بكات و به‌ هێرشی پێچه‌وانه‌وه‌ و خێرا به‌رگرییه‌كانی ئایندهۆڤن هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، ئه‌و شێوازه‌ی كه‌ راهێنه‌ری پی ئێس ڤی له‌ لای خۆیه‌وه‌ حیسابی بۆ كردووه‌ و ترسی خۆی لێ پێشانداوه‌.

له‌ یارییه‌كی دیكه‌دا یانه‌ی مانچێسته‌ر سیتی ئینگلیزی به‌ كاریگه‌ریی شكسته‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ چێڵسی له‌ جامی ئینگلته‌را، رووده‌كاته‌ سه‌رماوسۆڵه‌ی ئۆكڕاینا و له‌وێ رووبه‌ڕووی دینامۆكیێڤ ده‌بێته‌وه‌.

مان سیتی ئێواره‌ی یه‌كشه‌ممه‌ به‌ 5 گۆڵ به‌ چێڵسی دۆڕا و بای بای له‌ جامی ئینگلته‌را كرد، چونكه‌ پیلیگرینی پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی تیپه‌كه‌ی بۆ یارییه‌كه‌ی دینامۆ پشوو پێدا، بۆیه‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی له‌ یارییه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌دا، سه‌ركه‌وتن و به‌ده‌ستهێنانی ئه‌نجامێكی ئاسووده‌یه‌، پێش ئه‌وه‌ی له‌ یاریگه‌ی خۆیدا پێشوازی له‌ تیپه‌كه‌ی شاری كیێڤ بكات.

هاوكات ده‌بێ یاریزانانی مان سیتی خۆیان له‌ پێكانیش بپارێزن و به‌ڵانسی هێزیان له‌ده‌ست نه‌ده‌ن، چونكه‌ یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتووش له‌ فایناڵی جامی یانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كانی ئینگلته‌راش به‌رامبه‌ر لیڤه‌رپوول یاریی ده‌كه‌ن.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ دینامۆكیێڤی ئۆكڕاینی چاوی له‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆیدا سوپرایزێك بۆ میوانه‌كه‌ی بكات، هه‌روه‌ك چۆن به‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوی گه‌یشته‌ قۆناخی 16 و له‌ یاریی گه‌ڕانه‌وه‌دا تۆزێك به‌ ئاسووده‌یی یاریی بكات.