ڤیدیۆ؛ کەی مووچەی یاریزانانی یانەی هەولێر دەدرێت؟

 
رووداو دیجیتاڵ

پرسی نەدانی مووچەی یاریزانەکانی یانەی هەولێر لە ماوەی 52 رۆژی رابردوودا، دەنگدانەوەیەکی زۆری لە سۆشیاڵ میدیادا دروستکرد و ئەندامێکی کارگێڕیی یانەکەش وادەی دابەشکردنی مووچەی یاریزانەکانیان ئاشکرا دەکات.
 
سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی هەولێر لەلێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "52 رۆژە یاریزانەکانم مووچەیان وەرنەگرتووە و لە ماوەی سێ مانگی رابردووشدا پارەی گرێبەستەکانیان نەدراوە، ئەمە کاریگەرییەکی زۆری کردووەتەوە سەر تیپەکە و 1٪ـی ئامادەکاریمان بۆ یارییەکەی بەرامبەر موسڵ لە جامی عێراقدا نەکردووە."
 
ئەم قسانەی سەمیر بابۆ، کاردانەوەیەکی زۆر گەورەی لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیادا دروستکرد و ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتووە.
 
جێماو کاڕەش، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر و ئەمینداری دارایی یانەکە میوانی بوولتەنی وەرزشی کاژێر 13:30ـی رووداو و بوو لەبارەی نەدانی مووچەی یاریزانەکانیان گوتی "دوێنێ قسەم لەگەڵ سەمیر بابۆ کردووە، لەنێو خەزێنەی یانەکەدا 150 ملیۆن دینارمان هەیە و 70 ملیۆن کورتهێنانمان هەیە و چەند قەرزێک ماون و بەدڵنیاییەوە تاوەکو ئێوارە مووچەی یاریزانەکانیان تەواو دەکەم."
 
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر زیاتر قسەیکرد و لەبارەی پەیوەندییەکی خۆی لەگەڵ سەمیر بابۆ گوتی "کاپتن سەمیر لە خەمی ئەوەیە کەی مووچەی یاریزانەکان دابین دەکرێت، ئێمەش بای ئەوەندە پێمان دەکرێت مووچەکانیان دابین بکەین."
 
جێماو کاڕەش دەڵێت "لەلایەن ئەوانەی خۆیان بۆ کارگێڕیی یانەی هەولێر بەربژێر دەکەن، گوشارێکی زۆر خراوەتە سەر تیپەکەی سەمیر بابۆ و پەیوەندی بە یاریزانەکانەوە دەکەن، بۆ ئەوەی دەنگیان پێبدەن، بۆیەش سەمیر بابۆ ناحەقی نییە گلەیی لەو دۆخە بکات کە پێیدا تێدەپەڕێت."
 
رۆژی چوارشەممە بڕیارە هەڵبژاردنەکانی کارگێڕیی یانەی هەولێر ئەنجامبدرێن، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 15 کەس خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی یانەکەدا بەربژێر کردووە، ئەمڕۆ ئێوارە لیژنەیەک سەردانی یانەکە دەکات بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ئەو سکاڵایانە بکات کە لەسەر یانەکە تۆمارکران بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا.
 
بڕیاربوو محەممەد خۆشناو، ئەستێرە و گۆڵکاری پێشووی یانەی هەولێر خۆی بەربژێر بکاتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ نێو کارگێڕیی یانەکە، بەڵام لە رێگەی رووداوەوە کشانەوەی خۆی راگەیاند.