ڤیدیۆ؛ سەمیر بابۆ هێرشی تووند دەکاتە سەر یانەی هەولێر و هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی هەولێر، هێرشی تووندی کردە سەر کارگێڕیی یانەکەی و هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە لە مەشقدانی یانەکە دەکات، دەڵێ دۆخی تیپەکەم لەوپەڕی خراپیدایە و لە یانەکە شەڕە کورسییە.
بابۆ لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رووداوی راگەیاند، ئامادەکارییەکانی تیپەکەی بۆ یارییەکەی سبەی بەرامبەر موسڵ لە جامی عێراق، تەنیا لەسەدا یەکە، گوتی هەندێک کەس خۆیان بۆ یانەکە بەربژێرکردووە، مرۆڤ شەرم لەخۆی دەکاتەوە کە دەیان بینێت.
بابۆ کە لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوودا مەشقدانی یانەی هەولێری وەرگرت، بەرووداوی گوت، "بێسەروبەرییەکی زۆر لە یانەکەدا هەیە و ئەوە یەکەمجارە ئەو جۆرە بێسەروبەرییە دەبینم".
سەمیر بابۆ کە وەکخۆی دەڵێ، دەبوو ئێستا سەرقاڵی رێکخستنەوەی تیپەکە و بازاڕی گواستنەوە بێت، دەڵێ سەرم لەوە دەرناچێت بۆچی لەم کاتەدا ئەو پشێوییە یانەکەی گرتووەتەوە، ئەو دەڵێ، "کارگێڕیی یانەکە بەڵێنیان پێدام کە لە ماوەی دروستکردنی تیپ لەبەرئەوەی پێڕانەگەیشتن و پارە و کات نەبوو، وتیان لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا تیپەکە رێکدەخەینەوە، کەچی ئێستا دەبینی دە تاوەکو پانزە یانەی دیکەی عێراق کار لەسەر خۆرێکخستنەوە و ماوەی گواستنەوە دەکەن، کەچی لای ئێمە تازە بەتازە شەڕە لەسەر ئەندامێتی و لەسەر سەرۆک یانە و جێگری سەرۆک یانە".
راهێنەری هەولێر زیاتر باسی کێشەکانی تیپەکەی دەکات، هەڵوەستە لەسەر دۆخی دارایی و گیرفانی یاریزانەکانی دەکات و دەڵێ، "52 رۆژە یاریزانەکانم مووچەیان وەرنەگرتووە، سێ مانگە پارەی گرێبەستەکانیان وەرنەگرتووە، کەچی کەسێک نایەت کێشەی ئەو یانەیە و ئەو تیپە چارەسەر بکات، تیپەکە لە لووتکەدایە لە رووی تواناوە".
بابۆ کە تیپەکەی ئێستا لە پلەی حەوتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، داواکارییەکانی کارگێڕیی یانەکە بۆ ئەنجامەکانی تیپەکەی رووندەکاتەوە و دەڵێ، "داوایان لەمن کرد لە هەشتەم تاوەکو دوانزەیەمی خول بین، کەچی ئێمە ئێستا شەڕی چوارگۆشەی زێڕینی خول دەکەین".
سەمیر بابۆ بەتووڕەییەوە دەڵێ، "ناو یانەکە جمەی دێت، هەرکەسە و دێ خۆی بەربژێر دەکات بۆ هەڵبژاردنی یانەکە، رێزم هەیە بەڵام ناوی وای تێدایە شەرم لەخۆم دەکەم کە تاوەکو ئێستا ئەو بوارەم هەڵبژاردووە".
بابۆ دەڵێ سبەی یاریمان بەرامبەر موسڵ هەیە لە جامی عێراق، بەڵام من وەک راهێنەر تاوەکو ئێستا لەسەدا یەک ئامادەسازییم بۆ یارییەکە نەکردووە، لە کاتێکدا یارییەکە یاریی مان و نەمانە و زۆر گرنگە.
راهێنەری هەولێر بەرگری لە یاریزانەکانی دەکات و دەڵێ، "لەژیانی خۆم تیپی وا یەکدەست و یەک خێزانیم نەبینیوە، بەڵام تەنیا یەک کەس هەیە خەمخۆری یانەکەیە، ئەویش هاندەرەکانیەتی، ئەوەیدیکە لە رووی کردارەوە بەداخەوە کە کەس لە خەمی یانەکە نییە و تێناگەم ئێمە چیمان لە یانەکانی دیکە کەمترە؟ بۆچی لەرووی تیپ و راهێنەر، یاریزان و پارەوە سەقامگیر نەبین؟".
بابۆ دەڵێ کارگێڕێی یانەکە تاوەکو ئێستا باوەڕ ناکات کە ئێمە تاوەکو ئێستا تەنیا یەک ملیار و 50 ملیۆنمان خەرجکردووە. دەتوانم بڵێم لە 20 یانەی خولەکە، هەژدەیان لە ئێمە زیاتر پارەیان خەرجکردووە.
بابۆ دەڵێ، چییان دەوێت لەوە زیاتر؟ کەمترین پارە لە تیپەکەدا خەرجکراوە. باشترین ئەنجامی هەبووە بەپێی تواناکانی خۆی.
سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی هەولێر کە داواکاریی گەورەی هاندەرانی یانەکە بوو لە وەرزی رابردوودا لەپێناو هەڵسانەوەی تیپەکە، دەڵێ، "فەرموو ئەوە حاڵی یاریزانەکانی منە، یاریزانم هەیە لە بەرازیلەوە هێناومە و خێزانی خۆی لەگەڵە، ناتوانێ لەگەڵ خێزانی خۆی پیاسەیەک بکات، چونکە دوو دیناری لە گیرفاندا نییە.. کەچی لەولاوە شەڕە لەسەر کورسی، من سەرم لەو شتە دەرناچێت".
بابۆ، لەمیانی قسەکانیدا بۆ رووداو، هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەمژێت، ئینجا درێژەی دەداتێ و دەڵێ، "زۆر بەداخم، یان دەبێ لە چەند کاژێری داهاتوو کێشەکە، چارەسەرێک بکرێت، ئەگەرنا من ئەو ئەمانەتەی سەرشانم کە بەتەواوی دڵسۆزییەوە کارم بۆ کردووە، کۆتایی دێت و یارییەکەی مووسڵ دوایین یاریی من دەبێت لەگەڵ یانەکە".