بەرپرسێکی پێشووی مۆناکۆ: ئێمباپێ دەچێتە ریال مەدرید


رووداو - هەولێر

لویس کامبۆس، بەڕێوەبەری وەرزشی پێشووی یانەی مۆناکۆی فەرەنسی و ئێستای یانەی لیل دەڵێت، داهاتووی کیلیان ئێمباپێ لە ریال مەدریدە.

کامبۆس پێشتر لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ لە مۆناکۆ بۆ چەند ساڵێک کاریکردووە کە ئەو کاتە یاریزانەکە تەمەنی تەنیا 16 ساڵ بوو و کامبۆسیش یەکێک لە دیاترین بەڕێوەبەرە وەرزشییەکانی فەرەنسا بوو.

لویس لەلێدوانێکدا کە رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی رایگەیاندووە، ئێمباپێ ئاستی زۆر بەرزبووەتەوە، بەرای من ئەو درێسی ریال مەدرید دەپۆشێت لە داهاتوو، چونکە ئەو یانەیە بەردەوام یاریزانی باشی دەوێت و هەستدەکەم لە داهاتوودا لەسەر پەیژەکانی سانتیاگۆ بێرنابیۆ دادەنیشم بۆ چێژ وەرگرتن لە کیلیان ئێمباپێ.

ئەو بەڕێوەبەری تۆپی پێ زیاتر گوتی، ئێستا ئەو زیاتر لە نەیمار وردەی بەرزە و پێشبینی دەکەم ژمارەیەکی زۆری تۆپی ئاڵتۆنی لە داهاتوودا بباتەوە.

کیلیان ئێمباپێ سێ رۆژ لەمەوبەر تەمەنی بووە 20 ساڵ و ئێستا یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی تۆپی پێی جیهانە و چەندین یانەی گەورەش رکابەری لەسەر گواستنەوەی دەکەن، بەتایبەت دوای ئەو ئاستەی لە مۆندیالی 2018 پێشکەشیکرد و 4 گۆڵیشی تۆمارکرد.