ڤیدیۆ؛ هانزی فلیک: شانازییەکی زۆر گەورەیە باشترین یاریزانی مێژوو ستایشم بکات
رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، رایگەیاند کە شانازییەکی زۆر گەورەیە باشترین یاریزانی مێژوو ستایشی خۆی و یانەکەی بکات. گوتیشی "هەمیشە گرنگە دوای پشووی نێودەوڵەتی بەباشی بگەڕێینەوە، ئەوە ئامانجی ئێمەیە بۆ یارییەکەیان بەرامبەر سێلتاڤیگۆ".
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی بارسێلۆنای پێشەنگی لالیگا لە گەڕی 14ـی خولەکەدا دەبێتە میوانی یانەی سێلتاڤیگۆ، بەئومێدی بردنەوە و پارێزگاریکردن لە پلەی یەکەمی ریزبەندییەکە.
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و دووپاتیکردەوە کە ئەم یارییە بۆ ئەوان زۆر گرنگە.
ئەمە پوختەی قسەکانی هانزی فلیکە:
چاوەڕوانی یارییەکی باش دەکەین، هەمیشە گرنگە دوای پشووی نێودەوڵەتی بەباشی بگەڕێینەوە، ئەوە ئامانجی ئێمەیە بۆ ئەم یارییە.
بەرامبەر ریال سۆسیداد یارییەکی باشمان نەکرد، نەبوونی لامین یامال هۆکاری ئەوە نەبوو، لامین زۆر گرنگە بۆ ئێمە، بەڵام دەبێت خۆمان لەگەڵ ئەمەدا بگونجێنین، ئەمجارە لامین یاری ناکات، با بزانین کەی دەگەڕێتەوە بۆ یاریکردن. زۆر گرنگە لەسەدا سەد ئامادە بێت ئینجا بگەڕێتەوە.
سەبارەت بە مێسی؟ شانازییە بۆ من کە باشترین یاریزانی مێژوو ستاییشی من و بارسێلۆنای بکات، ئەمە مانای ئەوەیە کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ تیپەکە دەکات، دڵی لەگەڵ ئەم یانەیەدایە، ئەمەش مانای زۆری هەیە بۆ لاوان و تیپەکە.
راهێنەرایەتیکردنی بارسێلۆنا بۆ دە ساڵی دیکە؟ لە راستیدا کاتێک بیر لەوە دەکەمەوە ئەو کاتە تەمەنم نزیکەی 70 ساڵ دەبێت، بەڵام پێموانییە ماوەیەکی زۆربێت. من چوار نەوەم هەیە، ئەوانیش شایەنی ئەوەن کاتێکی زیاتر لەگەڵیان بەسەربەرم، بەڵام نەک ئێستا یان لە چەند ساڵێکی کەمی داهاتوودا، بەڵام پێش ئەوەی تەمەنم ببێتە 70 ساڵ.