یانەی شورتە بۆ رووداو: ئێمە سزا نەدراوین و بەشداریش لە چامپیۆنزلیگدا ناکەین

رووداو دیجیتاڵ

 

بەرپرسی راگەیاندنی یانەی شورتە، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رەتیکردەوە کە یانەکەیان لە لایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیاوە سزابدرێت، بەهۆی ئەوەی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا کشاوەتەوە.
 
یانەی شورتە کشانەوەی خۆی لە پاشکۆی چامپیۆنزلیگی ئاسیا راگەیاند، دوای ئەوەی تیروپشکی یارییەکان ئەو یانە عێراقییەی خستە بەردەم یانەیەکی ئۆزباکستانی، کە براوەشیان رووبەڕووی غەڕافەی قەتەری دەبێتەوە.
 
هەندێک لە سەرچاوەکان رایانگەیاند کە یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا بەهۆی کشانەوەی شورتە، بڕیاریداوە ئەو یانەیە بە یەک ملیۆن دۆلار سزابدات و کورسییەکەی عێراقیش لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا لێیوەربگرێتەوە.
 
حوسێن خوراسانی، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی شورتە، لەو بارەیەوە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیای رووداو، گوتی "یانەی شورتە بەهیچ شێوەیەک سزا نادرێت، لەبەرئەوەی ئێمە نەکشاینەتەوە، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە بە نووسراوێکی فەرمی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیامان لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە ئێمە بەشداری لە پاڵەونێتییەکەدا ناکەین".
 
خوراسانی، لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، باسی هۆکاری بەشدارینەکردنیان لە چامپیۆنزلیگی ئاسیادا کرد و گوتی "ئێمە بڕیارمانداوە ئەم وەرزە تەنیا بیر لە خول و جامی عێراق بکەینەوە و تیپێکی بەهێز بۆ یانەکەمان دروست بکەین، لەبەرئەوە پێمانباش بوو ئەمساڵ بەشداری لە چامپیۆنزلیگدا نەکەین".
 
سەبارەت بەوەی کە بۆچی ناوی شورتە چووەتە نێو تیروپشکەکەوە، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی شورتە، بە رووداوی گوت "لەبەرئەوەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ناوی یانەی شورتەی بۆ یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا بەرزکردبووەوە، بەو پێیەی شورتە مافی بەشداریکردنی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیادا هەیە".
 
ئەو بەرپرسەی یانە عێراقییە، بەوە کۆتایی بە لێدوانەکەی بۆ رووداو هێنا، کە گوتی "بڕیاری بەشدارینەکردنەکە دوای لێکۆلینەوە و بیرکردنەوەیەکی زۆر دراوە، دەمانەوێت ببینە پاڵەوانی خولی نایابی عێراق و راستەوخۆ بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا بکەین، نەک بەشێوەی پاشکۆ و پاڵاوتن".