ئەستێرەکەی رۆژئاوا بووە راهێنەری یانەی نەورۆز

رووداو-هەولێر

یانەی نەورۆز بەفەرمی راهێنەری نوێی بۆ تیپی تۆپی پێی یانەکەی لە خولی نایابی کوردستان بۆ شوێنی پرسیار عەبدولرەزا دیاریکرد.

راگەیاندنی یانەی نەورۆز لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوەداوە کە یونس سلێمان، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی سووریا کە کوردی رۆژئاوای کوردستانە وەک راهێنەری نوێی یانەکە بۆ خولی نایابی کوردستان دەستبەکار دەبێت.

یونس وەك یاریزان پێچ ساڵ لە هەڵبژاردەی یەكەمی سوریا یاریكردووە و لە باشووری كوردستانیش ماوەی سێ‌ ساڵ وەک یاریزان و راهێنەر لە یانەی كۆیە یاری كردووە، وەرزی رابردووش دوای ئەوەی یانەی جەزیرەی گەیاندە خولی نایابی سووریا، بەفەرمی وازی لە یاریکردن هێنا و ئەم هەفتەیە بۆ یەکەمجار وەک راهێنەر لە خولی نایابی کوردستان دەردەکەوێ.

دوای دۆڕانی یانەی نەورۆز بە یانەی دهۆک لە گەڕی پێشووی خولی نایابی کوردستان، پرسیار عەبدولرەزای راهێنەری یانەکە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە لە خولی یانە نایابەکانی کوردستان دەستیلەکارکێشایەوە.

نەورۆز لەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی کوردستان 4 یاریی ئەنجامداوە، تاوەکو ئێستا هیچ بردنەوەیەکی نییە، لە دوو یارییدا یەکسانبووە و دوو یارییشی دۆڕاندووە.