تایکواندۆکارێکی کورد لە ئەڵمانیا دەدرەوشێتەوە
رووداو هەولێر
هیمداد نوری، تایکواندۆکارێکی کوردە توانی دوو دەسکەوت لەسەر ئاستی وڵاتی ئەڵمانیا بەدەستبهێنێت و هەوڵەکانی بۆ ئەنجامی باشتر بەردەوامن.
ئەم وەرزشوانە کوردە، تەمەنی 32 ساڵە، لە 2004ـەوە خولیای بووەتە یاریی تایکواندۆ، خەڵکی شاری هەولێرە و ساڵانێکی زۆر لە ریزی هۆڵ و یانەکانی هەولێر یاریکردووە، لەسەر ئاستی پاڵەوانێتیی کوردستان پلەی دووەمی بەدەستهێناوە، لەسەر ئاستی عێراقیش پلەی دووەمی وەرگرتووە.
هیمداد نوری، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، گوتی "تایکواندۆ خولیایەکی سەرەکی منە و هەموو کات خەونی گەورەم لەم یارییەدا هەیە، ئێستاش کە لە ئەڵمانیا دەژیم وازم لە تایکواندۆ نەهێناوە و بەردەوامم".
تایکواندۆکارە کوردەکە 7 ساڵە لە شارۆچکەی ئیتزهۆی لە باکووری ئەڵمانیا دەژی، ژیانی هاوژینی لەگەڵ خانمێکی ئەڵمانی پێکهێناوە، لە یەکێک لە هۆڵەکانی یاریی تایکواندۆ، مامۆستای وەرزشە و لە هەمانکاتدا وەک یاریزان لە پاڵەوانێتییەکاندا یارییان بۆ دەکات.
لەبارەی یاری و بەشدارییەکانی لە پاڵەوانێتییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا، گوتی "لە شاری میونش پاڵەوانێتییەکی تایبەت بە شکاندن کرایەوە، بەشداریمکرد و توانیم پلەی چوارەم بەدەستبهێنم، کە چەندین یاریزانی وڵاتانی ئەڵمانیا و دانیمارک بەشداربوون، لە پاڵەوانێتییەکی دیکەش مانگی رابردوو بەشداربووم، کە رووبەڕووبوونەوە بوو توانیم پلەی دووەم بەدەستبهێنم".
هیمداد نوری، خاوەن پشتێنی 3 دانی رەشی نێودەوڵەتییە، بۆ خولی راهێنان چووەتە وڵاتانی ئیندۆنیزیا و کۆریای باشوور، ساڵی داهاتوو دەبێتە خاوەن پشتێنی 4 دانی ماستەری نێودەوڵەتی.
لەبارەی کار و پلانی داهاتووی، هیمداد نوری دەڵێت "دەمەوێت وەک پاڵەوانێکی کورد خزمەتێکی زۆر بکەم و ئاستبەرزی خۆم پێشکەشی سەتان کەس بکەم، ساڵی داهاتوو پلانی کردنەوەی هۆڵێکی تایبەت بەخۆم لە ئەڵمانیا هەیە و دەمەوێت ژمارەیەک یاریزانی ئاستبەرز دروستبکەم".
یاریی تایکواندۆ لە کۆریای باشوور داهێندراوە، لە دوای هاتنی هێزی زەیتوونی سەربازی کۆریای باشوور بۆ شاری هەولێر، ئەم یارییە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە.
یاریی تایکواندۆ لە 1970 گەیشتووەتە عێراق، لە 1986 لە هەولێر یارییەکە ئەنجامدراوە، ئێستا 35 هۆڵی یاریی تایکواندۆ لە پارێزگای هەولێر هەیە و زیاتر لە دووهەزار یاریزان بەردەوام یارییەکە دەکەن.