ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا دەیەوێت کۆتایی بە سەردەمی رەشی بەرامبەر بایرن میونشن بهێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو لە درێژەی یارییەکانی گەڕی سێیەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یارییەکی لووتکە دەکرێت، هەردوو یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و بایرن میونشنی ئەڵمانی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
خۆی بۆ یارییەک ئامادەدەکات، هەموو وردەکارییەکانی جیاوازن، یارییەکە و رکابەرەکەشی جیاوازتر.هانزی فلیک، لە تاقیکردنەوەیەکی ئەورووپی نوێدا، رووبەڕووی یانەی بایرن میونشن دەبێتەوە، ئەو یانەیەی راهێنەرە ئەڵمانییەکە تێیدا گەیشتە لووتکەی مەشقدانەوە و مێژووییەکی لەبیرنەکراوی لەگەڵیدا نووسییەوە.
 
بارسێلۆنا دوایین مەشق و ئامادەکاری دەکات، هەموو بیرکردنەوەی لای ئەوەن ئەمجارە دەرکەوتنی بارسا بەرامبەر باڤارییەکان زۆر جیاوازتر بێت لە جاران، بەتایبەت کە یانەکە بە دۆخێکی زۆرباشدا تێدەپەڕێت و لە دوایین یاریی لالیگاشدا 5 گۆڵی تۆمارکردووە، جگە لەوەش بلاوگرانای ئەم وەرزە تیپێکی گۆڵکار و مەترسیدارە و لەسەر هەردوو ئاستی ئیسپانیا و ئەورووپا لە 12 یارییدا 39 گۆڵی تۆمارکرد.
 
بارسا لە دوو یاریی یەکەمی چامپیۆنزلیگدا بردنەوەیەک و دۆڕانێکی هەیە، بردنەوە لە بایرن میونشن هێزێکی زیاتر دەبەخشێتە ئەو یانەیە بۆ ئەوەی بەباشترین ئاست و ورەوە بۆ کلاسیکۆی رۆژی شەممە بەرامبەر ریال مەدرید ئامادەبێت.
 
ئەو یانەیەی لە چامپیۆنزلیگدا زۆرترین ئازاری بارسێلۆنای گەیاندە، زۆرترینجار هاندەرانی بلاوگرانای دڵتەنگ کردووە، بایرن میونشنە.
 
باڤارییەکان دوایین مەشقەکانی خۆیان لە میونشن ئەنجامدا بە ورەیەکی بەرز و دوای بردنەوەیەکی گەورە بەرامبەر شتوتگارت بۆ ئەم تاقیکردنەوەیە ئامادەن، تاقیکردنەوەیەک کە زۆرن ئەوانەی پێیانوایە دەرچوون لێی بە ئەنجامێکی باشەوە، بڕیاری بایرن موینشن بۆ مەشقدانەوەی یانەکە بە کۆمپانی پەسەند دەکەن.
 
بایرن بەرامبەر بارسا 15 یارییکردووە، تەنیا دووجار دۆڕاوە، ئەوان بەرامبەر راهێنەرێک یاری دەکەن، پێشتر کاتێک 8-2 لە یانە ئیسپانییەکەیان بردەوە سەرکردەی ئەوان بوو.
 
یارییەکە لە مونتچوویک دەبێت، بارسا بە هەمووان دەڵێت ئەوەی تاوەکو ئێستا کردوومە رێککەوت نییە، یانیش بایرن، ستۆپێک بە بارسا دەکات و دەبێتەوە دێوەزمە هەمیشەییەکەی بەردەم یانە کەتەلۆنییەکە.
 
لە بوولتەنی وەرزشی کاژێر 08:40ـی تۆڕی میدیایی رووداو، سامان وڵاتژێری بە وردەکارییەکەوە لەسەر یارییەکە وەستا و سەرنجی خستە سەر دوایین 5 رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو یانە، کە بارسێلۆنا تەنیا 2 گۆڵی لەو پێنج یارییەدا تۆمارکردووە و هیچ یارییەکیشی نەبردووەتەوە.
 
بارسێلۆنا لە دوو گەڕی رابردووی چامپیۆنزلیگدا بردنەوەیەک و دۆڕانێکی هەیە و بایرن میونشنیش بەهەمان شێوە، هەردوو یانە لە یارییەکەی ئەمشەودا دەیانەوێت دووەم بردنەوە لە چامپیۆنزلیگدا تۆمار بکەن.