پەیامی ماڵئاوایی گوندۆگان لە هاندەرانی بارسێلۆنا

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی ئیلکای گوندۆگان گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا هەڵوەشاندەوە گەڕایەوە ریزەکانی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، پەیامێکی بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا نارد، کە تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە هاتووەتە بارسێلۆنا و ئامادەبووە لە وەرزێکی نوێدا بەردەوام بێت.
 
ئیلکای گوندۆگان، کە میدیاکان باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی بارسا ناچاریان کردووە لە یانەکە بڕوات، لە پەیامەکەیدا، نووسیویەتی "دوای تەنیا ساڵێک کاتی ماڵئاوایی هاتووە. من بۆ ئەوە هاتبوومە ئێرە بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی نوێ و ورووژێنەر ببمەوە، و ئامادە بووم بۆی".
 
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا، دەڵێت "هەموو شتێکم کرد بۆ ئەوەی لە وەرزێکی سەختدا بە باشترین شێوە شەڕ بۆ تیپ و یانەکە بکەم، و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوە بووم لە وەرزی نوێدا یارمەتی هاوڕێکانم بدەم، ئێستاش لە دۆخێکی سەختدا دەڕۆم، بەڵام ئەگەر رۆیشتنم بتوانێت یارمەتی یانەکە بدات لە رووی داراییەوە، ئەوا دڵتەنگییەکەم کەمتر  دەکات".
 
گوندۆگان زیاتر دەڵێت "قۆناخێکی پڕ لە ئەزموون و هەوراز و نشێوی نایاب بوو، هەمیشە حەزم دەکرد یاری بۆ بارسێلۆنا بکەم، زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەم یادەوەری و ئەزموونە، کە تاوەکو کۆتایی ژیانم لە یادەوەریمدا دەمێنێتەوە".
 
ئەو یاریزانە ئەڵمانییە، پەسنی هاندەرانی بارسێلۆنا دەدات و دەڵێت "هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم بۆ وەرزی نوێ و لە داهاتوودا، هاندەرانیش شایەنی ئەوەن ئەم یانە گەورەیە ببەنەوە بۆ لوتکەی جیهان.. ڤیسکا بارسا".