فەرمی.. گوندۆگان گەڕایەوە ماڵە کۆنەکەی

رووداو دیجیتاڵ

 

ئیلکای گوندۆگان، یاریزانی ئەڵمانی تەمەن 33 ساڵ، بەفەرمی ریزەکانی یانەی بارسێلۆنای بەجێهێشت و گەڕایەوە ریزەکانی یانەی پێشووی، مانچێستەر سیتی ئینگلیزی.
 
گوندۆگان دوای 7 ساڵ یاریکردن بۆ مان سیتی، لە وەرزی 2016-2017 تاوەکو 2022-2023 بڕیاریدا بچێتە بارسێلۆنا، بەڵام وادیارە پەشیمانە لە گرتنەبەری ئەو رێگەیە، بۆیە بڕیاری گەڕانەوەی دا بۆ ماڵە کۆنەکەی.
 
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، بڵاویکردەوە کە دوای ئەو گفتوگۆیەی پێنجشەممەی رابردوو لەگەڵ هانزی فلیکی راهێنەرەکەی ئەنجامدا و زانی کە ئەم وەرزە هەمان رۆڵی سەرکردایەتی نابێت لە تیپەکەدا، یاریزانە ئەڵمانییەکە پەیوەندی بە پێپ گواردیۆلای راهێنەری مانچێستەر سیتییەوە کردووە بۆ ئەوەی سەرەتا بزانێت، کە ئایا دەرگای ئیتیحادی بۆ دەکاتەوە بۆ گەڕانەوە یان نا.
 
ئەو سەرچاوەیە، دەڵێت "پێپ گوردیۆلا رازی بووە گوندۆگان بگەڕێتەوە دەرگای بۆ کردووەتەوە".
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە دووپاتیکردەوە، دوای وەرگرتنی رەزامەندی لە راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا، یاریزانە ئەڵمانییەکە لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە رێککەوتووە بۆ ئەوەی وەک یاریزانێکی ئازاد لە یانەکە بڕوات، بەتایبەتی کە ماوەی گرێبەستەکەی تاوەکو مانگی حوزەیرانی 2025 درێژ دەبووەوە، لەگەڵ بژاردەی نوێکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکەش.
 
هەردوو یانە بەفەرمی رایانگەیاند کە ئیلکای گوندۆگان لە بارساوە چووەتە مان سیتی.
 
بارسێلۆنا لە پەیامێکی فەرمیدا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو یاریزانە نیشاندا و تێیدا هاتووە "بارسێلۆنا و مانچێستەر سیتی سەبارەت بە گواستنەوەی ئیلکای گۆندۆگان گەیشتوونەتە رێککەوتن".
 
لە بڵاوکراوەکەی بارسێلۆنادا هاتووە "یانەکەمان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ گوندۆگان دەردەبڕێت بۆ پابەندبوون و خۆبەخشییەکەی، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازێت لە داهاتوودا، چ لە رووی کەسی و چ لە رووی پیشەگەرییەوە".
 
ئیلکای گوندۆگانیش لە پەیامێکدا سوپاسی بارسێلۆنای کرد و دووپاتیکردەوە کە دوای تێپەڕبوونی ساڵێکی تەواو کاتی ئەوە هاتووە بڵێت ماڵئاوا.