ڤیدیۆ؛ تێڤێز: پێڵاوەکانی سەماکردن دادەنێین و پێڵاوی راکردن لەپێ دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ئێندیپێندێنتی ئەرجەنتینی، کارلۆس تێڤێزی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی کردە راهێنەری تیپەکەی، بە ئومێدی ئەوەی لە ناوچەی مەترسیداری دابەزین لە خولی ئەرجەنتینی رزگاری بکات.
 
کارلۆس تێڤێز، دوای ناساندنی لەلایەن یانەکەیەوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، قسەی بۆ میدیاکان کرد و دووپاتیکردەوە کە ئامادەیە رۆژانە 24 کاژێر بەسەریەکەوە کاربکات لەپێناو رزگارکردنی ئیندیپێندێنتی.
 
ئەمە پوختەی قسەکانی کارلۆس تێڤێزی راهێنەری نوێی یانەی ئیندیپێندێنتنە:
 
پێموانییە ئیندیپێندێنت زەبەلاحێکی خەوتووە، لەخەو هەڵیدەستێنین، شتێکی ورووژێنەر دەبێت، ئەوە هەنگاوی یەکەمە و دەمانەوێت دەستپێبکەین، دەزانم بەرەو کوێ دەڕۆم، 13 یاریی کۆتاییمان لەپێشە و پێموایە کاری سەرەکیمان ئەوەیە کە دەبێت پێڵاوەکانی سەماکردن دابنێین و پێڵاوی راکردن لەپێ بکەین، بۆ ئەوەی هەموو تواناکانمان بخەینەگەڕ و هەروەها جێپەنجەی خۆمان لەسەر یاریکردنی تۆپی پێی جێبهێڵین، کە ماوەیەکی زۆرە ئەو شتە نەکراوە. 
 
زۆرجار گوتوومە لۆگۆی یانەکە لەپێش هەموو شتێکەوەیە و ناوی یاریزانەکان دوای ئەوە دێت، من بۆ گۆڕینی دۆخەکە هاتوومەتە ئێرە و بۆ ئەوە رۆحی خۆم دەبەخشم، رۆژانە 24 کاژێر و حەوت رۆژا لە هەفتەیەکدا لەوێ دەبم لەپێناو ئیندیپێندێنتی، چونکە ئەو ئەرکەکەی پێڕاسپاردم، متمانەی پێکردم، من هاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی رۆحم پێشکێسی ئیندیپێندێنت بکەم.