لەسەر ئێمباپێ هەڕەشە لە پاریس سانجێرمان دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

 

فیدراسیۆنی نیشتمانیی یاریزانە پیشەگەرەکانی فەرەنسا، رەخنەی لە پاریس سانجێرمان گرت، دوای ئەوەی کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری لە گەشتی ئامادەکاریی بۆ ئاسیا دوورخستەوە، لە کاتێکدا هێرشبەرەکە و یانەکەی هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ چارەسەرییەک.
 
بەپێی هەواڵی میدیاکان، پاریس سانجێرمان، بڕیاریداوە ئەستێرە تەمەن 24 ساڵییەکەی بفرۆشێت، دوای ئەوەی مانگی رابردوو پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا تێکچوون.
 
پێشتر ئێمباپێ رایگەیاندبوو کە گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە، کە لە کۆتایی وەرزی داهاتوودا کۆتایی دێت، واتە دەتوانێت لە مانگی حوزەیرانی 2024 بەبێ بەرامبەر لە یانە پاریسییەکە بڕوات.
 
بەڵام ناسر خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان رایگەیاند، رێگە نادەن ئێمباپێی گۆڵکاری خولی فەرەنسا لە پێنج وەرزی رابردوودا بەبێ بەرامبەر بڕوات.
 
فیدراسیۆنی نیشتمانیی یاریزانە پیشەگەرەکانی فەرەنسا، ئەمڕۆ  لە بەیاننامەیەکی درێژدا رایگەیاندووە، "یاریزانەکان، هەموویان دەبێت هەمان بارودۆخیان بۆ بڕەخسێنرێت کە بۆ هێزەکانی دیکەی کار هەیە".
 
بەپێی میدیاکان "فیدراسیۆنی نیشتمانیی یاریزانانی پیشەگەری فەرەنسا پێیوایە پێویستە بەبیر بەڕێوەبەر و خاوەنکارەکان بهینرێتەوە، کە تێکچوونی بارودۆخی کارکردن نابێت بقۆزرێتەوە بۆ گوشار خستنە سەر کارمەند، بۆ نموونە ناچارکردنی بە رۆیشتن یان قبوڵکردنی ئەو داواکارییانەی خاوەنکارەکە دەیەوێت". 
 
فیدراسیۆنی ناوبراو دەشڵێت "ئەم رەفتارە بریتییە لە هەراسانکردنی ئەخلاقی، کە ئەمە بە تووندی لە لایەن یاسای فەرەنساوە رەتدەکرێتەوە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا بە روونی ئاماژە بەوەشکراوە "بەڵێ، فیدراسیۆن مافی خۆیەتی رێکاری مەدەنی و تاوانکاری بەرامبەر هەر یانەیەک بگرێتەبەر کە بەمشێوەیە رەفتار بکات".
 
پاریس سانجێرمان لە دوایین 11 وەرزی خولی فەرەنسادا 9 نازناوی بەدەستهێناوە، بەڵام سەرکەوتنە ناوخۆییەکەی بەراورد ناکرێت بە ئەنجامەکانی لە چامپیۆنزلیگ، کە سەرەڕای ئەو هەموو وەبەرهێنانە گەورەیەی لە پێکهاتەکەیدا کراوە، هەرگیز نازناوەکەی بەدەستنەهێناوە. 
 
لەبەرئەوە کیلیان ئێمباپێ بڕیاریداوە لەو یانەیە بچێت و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کە 14 جار پاڵەوانی ئەوروپایە، دەیەوێت بیباتە ریزەکانی.