ڤیدیۆ؛ گەورەکانی کۆمەڵەی ئاگرین سەرکەوتن
رووداو دیجیتال
لە دوو یاریی پڕ لە رکابەری کۆمەڵەی شەشەمی یۆرۆی 2020ـدا، 8 گۆڵ کران و هەڵبژاردەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و پۆرتوگال گەیشتنە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە.
لە دوایین گەڕی یارییەکانی کۆمەڵەی شەشەمدا، لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، هەردوو هەڵبژاردەی پۆرتوگال و فەرەنسا بە ئەنجامی 2 - 2 یەکسانبوون، کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەردوو گۆڵی پۆرتوگالی بە لێدانی سزا تۆمارکرد.
کەریم بنزیماش هەردوو گۆڵی فەرەنسای تۆمارکرد، کە یەکێکیان بە لێدانی سزا بوو.
لە یاریی دووەمیشدا ئەڵمانیا و هەنگاریا بە ئەنجامی 2 - 2 یەکسانبوون، گۆڵەکانی ئەڵمانیا لە لایەن هاڤێرتز و گورێتسکاوە تۆمارکران، دوو گۆڵەکەی هەنگاریاش لە لایەن ئادەم شالای و ئەندراس شافێرەوە تۆمارکران،
بەم دوو ئەنجامە فەرەنسا بە کۆکردنەوەی 5 خاڵ وەک یەکەمی کۆمەڵەکە سەرکەوت و ئەڵمانیاش بە 4 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ پۆرتوگال وەک دووەمی کۆمەڵەکە سەرکەوت، پۆرتوگالیش وەک یەکێک لە چوار باشترین سێیەمەکان سەرکەوت.
لە قۆناخی 16ـدا ئەڵمانیا بەرامبەر ئینگلتەرا یارییدەکات و پۆرتوگال رووبەڕووی بەلجیکا دەبێتەوە، هەروەها فەرەنساش لەگەڵ سویسرا یارییدەکات.