مێسی بێتاوان دەرچوو: هیچ پارەم ناوێت ئەگەر بۆ یاریزانانی دیکە نەبێت

رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، جارێکی دیکە لە بازنەکانی تۆپی پێی ئیسپانیادا ناوەندی شانۆی گرتەوە، دوای دزەپێکردنی پەیامێکی دەنگی کە ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی دەستوەردانی لەگەڵ لویس روبیالێسی سەرۆکی پێشووی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا کردووە بۆ نێوەندگیری لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمکردنەوەی مووچەی یاریزانانی بارسێلۆنا.
 
لە راپۆرتێکدا کە ماڵپەڕی theobjectiveـی ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، جیرارد پیکێ ئەستێرەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا، بە سەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیای راگەیاندووە، مێسی ئەوی راسپاردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمکردنەوەی مووچەی یاریزانانی بارسێلۆنا بە رێژەی 70% لە ماوەی مانگی نیسانی 2020ـدا. 
 
روبیالێس پێشنیازێکی خۆی بۆ ئەلیکساندەر چێڤێرینی سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپای نارد، تێیدا پێشنیازی رێکخستنەوەی 4%ـی مافی پەخشکردنی سەرجەم یارییەکانی یوفا دەکات، کە پێشتر بەشێوەیەکی دیاریکراو لەنێوان فیدراسیۆنە نیشتمانییەکاندا دابەشدەکرا.
 
مێسی رووبەڕووی تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسییەیەکی کاریگەری بازارگانیکردن لەگەڵ رۆبیالێس بووەوە، شانبەشانی پیکێی هاوڕێی پێشووی لە یانەی بارسێلۆنا.
 
بەڵام سەرچاوەکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا و یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بۆ ماڵپەڕی ئیسپانیۆڵیان پشتڕاستکردووەتەوە کە مێسی بەشێوەیەکی کەسی دانوستاندنی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا دەکرد سەبارەت بە پێویستی بەپەلە بۆ دروستکردنی سندوقێک کە گەرەنتی پێدانی بەشێک لە مووچەی ئەو یاریزانانە بکات. کە لە ماوەی پەتای کۆرۆندا کاریگەری زۆریان لەسەر بووە.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، مێسی بە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا روونیکردووەتەوە کە پێباشە هیچ مووچەیەک وەرنەگرێت ئەگەر پارە نەما بۆ یارمەتیدانی کەسانی دیکە.
 
سەرچاوە ئیسپانییەکە دووپاتیکردووەتەوە کە دامەزراندنی سندوقێکی لەو جۆرە بەتەواوی یاساییە، سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا پڕۆژەکە تەواو نەبووە.
 
ئەو سەرچاوەیە هەروەها روونیشیکردووەتەوە، فیفا لەگەڵ یەکێتیی یاریزانانی پیشەگەر FIFPro رێککەوتووە و لەو کاتەدا سندوقێکی هاوشێوە دروستکراوە، ئەوەش چەند هەفتەیەک پێش ماوەی وەستانی چالاکییەکان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە.
 
بەر لە چەند رۆژێک، میدیاکانی ئیسپانیا، بڵاویانکردووەتەوە کە بەپێی چەند پەیامێکی دەنگی و نووسراوی دزەپێکراو، کە بۆ ساڵی 2020 دەگەڕێنەوە، جێرارد پیکێ داوای لە روبیالێسی سەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا کردووە، کە داوا لە چێڤرینی سەرۆکی یوفا بکات، قەرەبووی زیانەکانی ئەو یاریزانانە بکاتەوە کە لە کاتی کۆرۆنادا مووچەکانیان کەمکرابووەوە. بە قسەی پیکێ، لیۆنێل مێسی لە پشت ئەو داواکارییەوەیە.
 
پیکێ و مێسی چەندین ساڵ پێکەوە یارییان بۆ بارسێلۆنا کردووە، چەندین نازناویان بەدەستهێناوە، ئەگەرچی ئەو ساڵەی مێسی لە بارسێلۆنا رۆیشت، هەندێک لە سەرچاوەکان باسیان لەوە دەکرد کە پیکێ رۆڵێکی نەرێنی هەبووە لە پرسی بەڕێکردنی لیۆ لەلایەن خوان لاپۆرتای سەرۆلی بارسێلۆناوە.
 
جگە لەوەش پیکێ چەندجارێک بەوە تۆمەتبارکراوە کە لە پرسی بردنی جامی سوپەری ئیسپانیا بۆ سعودیە دەستی لەگەڵ رۆبیالێس هەبووە و لە گەندەڵیدا تێوەگڵاوە، بەڵام هێشتا هیچ بەڵگەیەک نییە، ئەو تۆمەتانە لەسەر پیکێ بسەلمێنێت.