سێریا ئەی.. چەکی رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی لە دەست ئاتالانتا و هێلاس ڤێرۆنادایە

رووداو دیجیتال

دواگەڕی سێریا ئەی ئاگرین دەبێت بەهۆی ئەوەی 3 یاریی زۆر گرنگ بۆ دیاریکردنی بلیتەکانی گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ ئەنجام دەدرێن.

بێجگە لە یاریی ئینتەرمیلانی پاڵەوانی خولەکە بەرامبەر ئۆدینێزی، سەرجەم یارییەکانی دیکە کاژێر 21:45 بە کاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچن.

ئینتەرمیلان له یارییەکی پەراوێزیدا میوانداریی ئۆدینێزی دەکات و دوای یارییەکە جامی خولەکە بەرزدەکاتەوە و ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێڕێت، میلانیش له گرنگترین یاریی ئەم وەرزەیدا لە بێرگامۆ دەبێتە میوانی ئاتالانتا، بۆلۆنیا میوانداری یوڤێنتوس دەکات و ناپۆلی لەسەر یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی هێلاس ڤێرۆنا دەبێتەوە.

ئاتالانتا دووەمە بە 78 خاڵ و ناپۆلی و میلان 76 خاڵیان هەیە و یوڤێنتوسیش خاوەنی 75 خاڵە.

بێجگە لە ئینتەرمیلان، ئاتالانتا کورسییەکی چامپیۆنزلیگی مسۆگەرکردووە، بەڵام پلەی دووەمی مسۆگەرنەکردووە کە بۆ ئەو دەستکەوتێکی مێژوویی دەبێت، بۆیە پاڵنەرێکی گەورەی هەیە بۆ بردنەوە لە میلان، کە جگە لە سەرکەوتن هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە.

ئەگەر ئەمڕۆ میلان و ناپۆلی سەرکەوتن بەدەستبێنن، یوڤێنتوس لە وەرزی داهاتوودا لە چامپیۆنزلیگ نابێت، بەڵکو دەچێتە یۆرۆپالیگ، کە ئەمەش مەترسی دەخاتە سەر مانەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ریزەکانیدا، چەکی رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی لەم گەڕەدا بەدەست ئاتالانتا و هێلاس ڤێرۆنایە، کە دەیانەوێت یەکێکیان بەلای کەمەوە ئەمڕۆ یەکسانبوونێک بەدەستبێنن، بۆ ئەوەی ئەوانیش بە بردنەوە لە بۆلۆنیا خۆیان بگەیننە چامپیۆنزلیگ.

بێجگە لە شایستە وەرزشییەکان و لەدەستدانی نازناوی سێریا ئەی لەدوای بەدەستهێنانی 9 نازناوی بەسەریەکەوە، نەگەیشتن بە چامپیۆنزلیگ واتا زیانێکی دارایی گەورە بۆ خەزێنەی یانەکە، کە لەم کاتەدا زۆر پێویستی بەو 80 ملیۆن یۆرۆیەیە کە بە بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگدا دێتە دەستی و دەتوانێت بەو پارەیە گۆڕانکارییەکی باش لە پێکهاتەکەیدا بکات.

هەرچۆنێک بێت ئەرکی میلان زەحمەتە و ئەگەر کوڕانی پیۆلی بیانەوێت هەموو ماندووبوونی ئەم وەرزەیان بەبادا نەچێت، پێویستە ئەمڕۆ یاریی تەمەن ئەنجام بدەن و ئەرکە قورسەکە جێبەجێبکەن، کە بێگومان ئەنجامی ئەم یارییە کاریگەری بەسەر وەرزی نوێی میلانەوە دەبێت، چونکە بردنەوە لە ئاتالانتا و گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ واتە تیپێکی بەهێزتر لە وەرزی داهاتوودا، دۆڕان و نەگەیشتن بە چامپیۆنزلیگیش واتا پاشەکشەکردن و گەڕانەوە بۆ ئاستی ساڵانی دوایی.

سەبارەت بە یاریی ناپۆلی، تا راددەیەک ئەرکی ئاسانترە، بەو پێیەی لەسەر یاریگەی خۆی بەرامبەر هێلاس ڤێرۆنای دەیەمی ریزبەندیی یاریدەکات، کە لە دوایین 8 یارییدا نەیتوانیوە هیچ سەرکەوتنێک بەدەستبێنێت، 5 جار دۆڕاوە و لە 3 یارییشدا یەکسانبووە.


یارییە گرنگەکانی ئەمڕۆ:

ئینتەرمیلان - ئۆدینێزی 16:00
ئاتالانتا - میلان 21:45
بۆلۆنیا - یوڤێنتوس 21:45
ناپۆلی - هێلاس ڤێرۆنا 21:45