ڤیدیۆ؛ جۆکۆڤیچ و بێلینگهام بۆنماتی پاڵەوانی لوریوس بوون

رووداو دیجیتاڵ

 

ئاهەنگی خەڵاتی لوریوسی جیهانی، بە ئامادەبوونی دەیان کەسایەتی وەرزشیی جیهانی لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەڕێوەچوو، کە تێیدا نۆڤاک جۆکۆڤیچی تێنسزانی سربی و  ئیتانا بۆنماتیی خانمە یاریزانی تۆپی پێی بارسێلۆنا، خەڵاتی باشترین وەرزشوانی پیاو و خانمانی ساڵیان بەدەستهێنا.
 
جۆکۆڤیچ ریکۆردەکەی بەهێزترکرد و بۆ پێنجەمجار لە ژیانی وەرزشیی خۆیدا ئەم خەڵاتەی بەدەستهێنا، کە ئەمساڵ لە ئەنجامی بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکانی کراوەی ئوسترالیا، کراوەی فەرەنسا و کراوەی ئەمریکادا بەدەستیهێنا و بوو بە خاوەنی نازناوی بیست و چوار پاڵەوانێتی گەورە.
 
بۆنماتی دوو خەڵاتی بەدەستهێنا، بووە یەکەم خانمە یاریزانی تۆپی پێی کە نازناوی باشترین کەسایەتی وەرزشیی جیهانی پێبدرێت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە سەرکردایەتی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیای کرد بۆ بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2023ـی خانمان، کە لە ئوسترالیا و نیوزلەندا بەڕێوەچوو.
 
هەروەها ئەستێرەی لاوی یانەی ریال مەدرید جود بێلینگهام خەڵاتی لوریوسی باشترین وەرزشوانی تازە دەرکەووتووی جیهانی بۆ ساڵی 2024 بەدەستهێنا، دوای ئەوەی ئاستێکی سەرنجڕاکێشی لە وەرزی یەکەمی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی پێشکێشکرد، کە تاوەکو ئێستا 21 گۆڵی لەم وەرزەدا تۆمارکردووە.
 
جود بێلینگهام، لەو بارەیەوە، گوتی "شانازی بەوەدەکەم کە لێرە لەبەردەم زۆر لە وەرزشوانانی سەرسوڕهێنەر و کەسانی ئیلهامبەخش وەستاوم. سوپاسگوزارم بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە. ساڵێکی نایاب بوو، و بەڕاستی شانازی پێوە دەکەم. بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین وەرزشوان واملێدەکات بیری لێبکەمەوە، ئەوەش زۆر باشە".
 
ئەو هەروەها گوتی "ئامانجم ئەوەیە جامی زیاتر ببەینەوە، ئێمە هێشتا چانسی بردنەوەی دوو جاممان هەیە لەگەڵ ریال مەدرید و هەروەها لەگەڵ ئینگلتەرا لە پاڵەوانێتی یۆرۆدا، هیوادارم لە هەرسێ جامی ئیسپانیا، چامپیۆنزلیگ و  یۆرۆدا سەرکەوتن بەدەستبهێنین. بەڵام بەدەستهێنانی هەموو ئەوانە پێویستی بە هەوڵ و قوربانیدانی زۆر هەیە".
 
خانمە یاریزانی جومبازی ئەمریکی سیمۆن بایلز، خەڵاتی باشترین وەرزشوانی گەڕاوەی وەرگرت و رافایل نادالی تێنسزانی ئیسپانی خەڵاتی لوریوس بۆ باشترین کەسایەتی وەرزشیی لە بواری خێرخوازی وەرگرت، بەهۆی کارە خێرخوازییەکانی دامەزراوەکەیەوە.
 
خانمی هۆڵەندی دیدی دی گرۆت، خەڵاتی باشترین وەرزشکاری ساڵی بۆ وەرزشوانە خاوەن پێداویستی تایبەتییەکانی وەرگرت، کە لە ساڵی 2023 بووە یەکەم خانمە یاریزانی تێنس کە بۆ ماوەی سێ ساڵ لەسەریەک نازناوی سەرجەم پاڵەوانێتییە گەورەکانی تێنسی بردووەتەوە. هەروەها لە مەدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی تۆکیۆی 2021ـی بەدەستهێنا.
 
ئەو خانمە تەمەن 27 ساڵە، سەرجەم ئەو یارییانەی لە ساڵی 2023 ئەنجامیدا، کە 53 یاریی بوو، بە سەرکەوتن کۆتاییپێهینان، ئەمەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەک سەرکەوتنی یەک لە دوای یەکیدا بوون، کە 2021ـەوە دەستیپێکرد و 127 یاری بەسەریەوەکەوە بردەوە.
 
دی گرۆت خەڵاتەکەی لەلایەن هاونیشتیمانیی خۆیەوە وەرگرتووە، کە ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی جیهانی، رود گولێت بوو.