وێنە.. ئینتەر بووە پاڵەوان و چەندین ریکۆردی نوێی تۆمارکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمیلان، پێنج گەڕ بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی سێریا ئای ئیتاڵیا، نازناوی خولەکەی لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلاکردەوە، دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی میلان بەدەستهێنا.
 
لە دێربیی میلانۆدا، هەردوو یانە لە یاریگەی سانسیرۆ رووبەڕووی یەکبوونەوە، ئینتەرمیلان بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و لە یارییەکی پڕ لە رکابەری و رووداوی سەرنجڕاکێش نیرازۆری بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
گۆڵەکانی ئینتەر لەلایەن هەریەکە لە فرانچیسکۆ ئاچێربی و مارکۆس تۆرامەوە تۆمارکران، گۆڵەکەی میلان فیکایۆ تۆمۆری تۆماریکرد.
 
دوایین خولەکەکانی یارییەکە، وەکو هەمیشە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان یاریزانانی هەردوولادا روویدا، بەو هۆیەوە ناوبژیوان تیۆ هێرناندێز و داڤیدی کالابریای لە یانەی ئەیسی میلان و دێنزلی دومفرێسی لە یانەی ئینتەر بە کارتی سوور کردە دەرەوە.
 
ئینتەرمیلان یارییەکەی بردەوە و بووە پاڵەوانی ئیتاڵیا، لەکاتێکدا هێشتا 5 گەڕ ماوە خولەکە کۆتاییبێت.

 
ریکۆردەکانی ئینتەرمیلان دوای بردنەوەی نازناوەکە
 
*یەکەمجارە ئینتەرمیلان بەبردنەوەی دێربیی میلانۆ نازناوی خولی ئیتاڵیا یەکلابکاتەوە.
 
* ئینتەرمیلان 5 گەڕ بەر لە کۆتاییهاتنی خولی ئیتاڵیای یەکلاکردەوە، پێشتر هیچ یانەیەک بەر لەو وادەیە نازناوەکەی نەبردووەتەوە.

 
* ئینتەرمیلان تاکە یانەیە دووجار 5 گەڕ بەر لە کۆتاییهاتنی خولی ئیتاڵیا نازناوەکە یەکلابکاتەوە، وەرزی 2006-2007 بۆ یەکەمجار ئەو کارەیکردووە، وەرزی 2023-2024 بۆ جاری دووەم ئەنجامیدا.
 
* ئینتەرمیلان لە دوایین 5 وەرزدا 7 نازناوی جیاوازی بەدەستهێناوە، میلان، یوڤێنتوس و ناپۆلی بەیەکەوە 6 نازناویان بردووەتەوە.

 
* ئینتەرمیلان ئەمە جاری 20ـەمە نازناوی خولی ئیتاڵیا دەباتەوە، دووەم یانەیە زۆرترینجار خولەکەی بەدەستهێنابێت، دوای یانەی یوڤێنتوس.
 
* ئینتەرمیلان بەبردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی سێریا ئەی بووە خاوەنی 46 نازناوی فەرمی، دوای یوڤێنتوس 70 نازناو و میلان بە 49 نازناوی سێیەم یانەی ئیتاڵییە زۆرترین نازناوی هەبێت.


* سیمۆنی ئینزاگی نازناوی شەشەمی لەگەڵ ئینتەرمیلان بەدەستهێنا، سێیەم راهێنەری ئینتەرە زۆرترین نازناوی لەگەڵ یانەکە هەبێت، دوای ئیلینیۆ ئێرێرا و رۆبێرتۆ مانچینی کە هەریەکەیان 7 نازناویان بۆ یانەکە بەدەستهێناوە.
 
* سیمۆنی ئینزاگی، یەکەمجارە وەکو راهێنەر نازناوی خولی ئیتاڵیا بەدەستدەهێنێت.