یانەی زاخۆ کەمپێکی مەشقی لە پیرمام دەکاتەوە

رووداو هەولێر
یانەی زاخۆ بەمەبەستی مانەوە لە پێشەنگ و هەنگاونان بەرەو بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ یەکەمجار لە مێژوویاندا، کەمپێکی راهێنان و ئامادەکاری لە پیرمام دەکاتەوە.
لەگەڵ وەستانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، سوورپۆشانی خابوور کەمپێکی راهێنانیان بۆ تیپەکەیان لە پیرمام کردووەتەوە، تیپەکە رۆژانە دوو یەکەی راهێنان لەنێو یاریگەی ئارارات ئەنجام دەدات و بڕیارە یارییەکی دۆستانەش لەگەڵ یانەی شەقڵاوە ئەنجام بدات.
سیپان سدیق، یاریزانی یانەی زاخۆ لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "بێگومان ئامادەکارییەکانمان و کەمپی راهێنان بۆ زیاتر رێکخستنەوەی تیپەکەیە لەماوەی وەستانی خول، ئێمە لە ئامادەباشیدان و کەش و هەوای راهێنانەکان زۆر باشە".
یانەی زاخۆ دوای بردنەوەی چواردە یاری و یەکسانبوون لە حەوت یاری 49 خاڵی کۆکردووەتەوە و پلەی یەکەمی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە، یاریی داهاتوویان بەرامبەر یانەی دهۆکە و دەیانەوێت دڵی هاندەرانیان خۆش بکەن.
محەممەد نۆمی، یاریدەدەری راهێنەری یانەی زاخۆ، لەبارەی پلانی داهاتوویان و کەمپەکەیان لە پیرمام، بۆ رووداوی روونکردەوە "سوپاسی دەستەی کارگێڕیی یانەی ئارارات دەکەین بۆ دابینکردنی یاریگەکەیان لەماوەی کەمپی راهێنانمان لێرە. ئامادەکارییەکی باشمان کردووە و دەمانەوێت لە ئاستی خواستی هاندەران بین، کەمپی راهێنانمان بەهۆی وەستانی یارییەکان بوو، دەمانەوێت سێ خاڵی یاریی داهاتوومان وەرگرین و لە ململانێ بەردەوام بین".
هێڵی هێرشبەری یانەی زاخۆ وەرزی ئەمساڵ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق هاوشانی هێرشبەرانی یانەی شورتەی رکابەرییان بەتۆمارکردنی 42 گۆڵ بەهێزترینی خولەکەن.