پلانی بارسێلۆنا بۆ هێشتنەوەی هەردوو جواو

رووداو دیجیتاڵ
 
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، جارێکی دیکە خواستی خۆی لەبارەی هێشتنەوەی جواو کانسێلۆ و جواو فێلیکس لە یانەکەیدا پێشاندەدات، بەڵام پێدەچێت مانەوەیان بە گرێبەستی هەمیشەیی نەبێت. 
 
هاوینی رابردوو، بارسێلۆنا هەریەکە لە جواو کانسێلۆ لە مانچێستەر سیتی و جواو فێلیکس لە ئاتلێتیکۆ مەدریدی بە خواستن گواستەوە یانەکە، ئاستی بەرزی هەردوو یاریزانەکە بارسای سەرسامکردووە و لە رابردوودا بەرپرسانی یانە کەتەلۆنییەکە زیاتر لە جارێک رایانگەیاندووە کە دەیانەوێت هەردوو جواو لە بارسا بمێننەوە، بەڵام کێشە داراییەکان رێگرن لەبەردەم ئەوەی گرێبەستەکانیان بکەنە هەمیشەیی.
 
خوان لاپۆرتا جارێکی دیکە لەبارەی کانسێلۆ و فێلیکسەوە پرسیاری لێدەکرێت و لە وەڵامدا دەڵێت "پێم وایە هەردووکیان لە بارسا بەردەوامدەبن. هیوادارم ئاتلێتیکۆ مەدرید لەبارەی فێلیکسەوە ئاستەنگیمان بۆ درووستنەکات، لەوە ناچێت مانچێستەر سیتیش کێشەی لەگەڵ رۆیشتنی کانسێلۆدا هەبێت. ئێمە خۆرخێ مێندێزمان هەیە لەوێ، کە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکات و دەزانێت کە ئێمە دەمانەوێت ئەو دوو یاریزانە لەگەڵمان بەردەوامبن. ئامانجی ئێمە ئەوەیە بە نرخێکی جێگیر ماوەی خواستنەکەیان درێژبکەینەوە."
 
لەم وەرزەدا لەگەڵ بارسا، کانسێلۆ ئاستێکی باشی پێشکێشکردووە و بەشداری لە هەشت گۆڵدا کردووە، فێلیکسیش نۆ گۆڵ و چوار ئاسیستی هەیە.