راهێنەرێکی پێشووی ریال مەدرید بەربژێرە ببێتە راهێنەری نەسڕ
رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەسڕی سعودی بەهۆی ماڵئاواییکردنی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا و دووریی لە رکابەریکردن بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولی سعودی، بیر لە دوورخستنەوەی راهێنەرەکەی دەکاتەوە و چەند راهێنەرێکیش بۆ جێگرتنەوەی بەربژێرن.
یانەی نەسڕ لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگی ئاسیا بەرامبەر عەینی ئیماراتی دۆڕا و دوورخرایەوە، لە خولی سعودی یانەکە 12 خاڵ لە یانەی هیلالی پێشەنگەوە دوورە، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی یانەکە بیر لە دوورخستنەوەی لویس کاسترۆ، راهێنەری یانەکەی بکاتەوە و لە نێو میدیای سعودیەدا، پرسی داهاتووی راهێنەری یانەکە مژارێکی گەرمە.
بەپێی هەواڵی میدیای سعودیە، مسەلی مەعمەر، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی یانەکەش بەنیازە دەستلەکارەکەی بکێشێتەوە، ئەمەش دۆخی یانەکەی ئاڵۆز کردووە.
بەپێی سەرچاوەکان چەند راهێنەرێک بۆ وەرگرتنی یانەی نەسڕ و سەرکردایەتیکردنی تیپەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەربژێرن، یەکێک لەو راهێنەرانەی یانەکە پێی سەرسامە تیاگۆ مۆتای راهێنەری یانەی بۆلۆنیای ئیتاڵییە، بەڵام زەحمەتە ئەو راهێنەرە بچێتە سعودیە، لەکاتێکدا لە سەرەتای دەرکەوتنی دایە وەکو راهێنەر و چەند یانەیەکی گەورە رکابەری لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵی دەکەن.
راهێنەرێکی دیکەی بەربژێر بۆ راهێنەرایەتیکردنی یانەکە مانوێل پێلیگرینی، راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدرید و ئێستای یانەی ریال بێتیسە، کە پێشتریش راهێنەرایەتیی رۆناڵدۆی کردووە.
جگە لەو دوو راهێنەرە ماوەیەکی زۆرە باس لە ئەگەری چوونی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ سعودیە دەکرێت، ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە ئێستا هیچ پۆستێکی نییە و پێشتر زیاتر لە جارێک ویستی خۆی بۆ کارکردن لە سعودیە راگەیاندووە.