ڤیدیۆ؛ ئەستێرەیەکی چێڵسی مۆبایلێک بۆ رۆژنامەڤانێک دەکڕێت

رووداو دیجیتاڵ
 
میخایلۆ مودریک، یاریزانی ئۆکراینی و هێرشبەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی، مۆبایلێک بە دیاری دەداتە رۆژنامەڤانێکی هاندەری ئۆکراینا.
 
لە رابردوودا، رۆژنامەڤانێکی ئۆکراینی چەند جارێک لەگەڵ مودریکدا دەردەکەوت و ڤیدیۆی یاریزانەکەی دەگرت، دواتر لە مانگی 10ـی ساڵی 2023، مودریک جارێکی دیکە چاوی بە رۆژنامەڤانەکە دەکەوێت و دەڵێت "دیسانەوە تۆ؟ دیسانەوە مۆبایلەکەت پێیە؟ بیرگەی مۆبایلەکەت چەندە؟" رۆژنامەڤانەکە لە وەڵامدا دەڵێت "130 گێگابایت، خەریکە بیرگەکەی پڕدەبێت." پاشان یاریزانەکەی چێڵسی دەڵێت "دەبێت مۆبایلێکی نوێت بۆ بکڕم، چونکە بیرگەی مۆبایلەکەت پڕبووە لە ڤیدیۆی من."
 
مودریک کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆ پەیوەندی بە هەڵبژاردەی ئۆکرایناوە کردەوە، جارێکی دیکە چاوی بە رۆژنامەڤانەکە دەکەوێتەوە و بەڵێنەکەی دەباتە سەر، مۆبایلێکی نوێ دەردەهێنێت و بە دیاری پێی دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرسامبوون و دلخۆشبوونی رۆژنامەڤانەکە.