شێخێکی قەتەری بە گرێبەستێکی مێژوویی دەیەوێت مان یونایتد بکڕێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئانوێس بەسەرکردایەتی جیم راتکلێف، ملیاردێری بەنێوبانگی بەریتانی و شێخ جاسم بن حەمەد ئەلسانی جارێکی دیکە دەستەوارەیان بۆ کڕینی یانەی مانچێستەر یونایتد پێشکێشکرد.
رۆژی چوارشەممە جارێکی دیکە هەردوولا ویستی خۆیان بۆ کڕینەوەی ئەو یانەیە پێشاندا و گفتوگۆکانیان لەگەڵ ماڵباتی گلایزەر دەستپێکردووە، کە ئەوان خاوەنداریەتی یانەکە دەکەن.
جیم راتکلێف، خاوەنی کۆمپانیای ئانوێس دەیەوێست 60٪ـی پشکەکانی یانەکە بکڕێت، بەڵام لایەنی قەتەری ئامادەیە سەرجەم پشکەکانی بکڕێتەوە.
دەستەوارەی هیچ یەکێک لە هەردوولا بۆ کڕینەوەی مانچێستەر یونایتد دیارنییە، بەڵام میدیای بەریتانیا دەڵێت "ئەو دەستەوارەیەی شێخ جاسم پێشکێشیکردووە دەستەوارەیەکی مێژوویی و گەورەیە و پێشتر هیچ یانەیەک بەو نرخە کڕین و فرۆشتنی پێ نەکراوە."
ماڵباتی گلایزەر لە ساڵی 2022 ویستی خۆی بۆ فرۆشتنی یانەکە پێشاندا، بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئەوان ئامادەن بە گرێبەستێک کە بگاتە نزیکەی 6 ملیار پاوەند دەستبەرداری یانەکە ببن.
شێخە قەتەرییەکە رەزامەندیی میری قەتەری بۆ کڕینەوەی یانە ئینگلیزییەکە هەیە و دەیەوێت بە کڕینەوەی مانچێستەر یونایتد گۆڕانکارییەکی گەورە لە یانەکەدا بکات، لە رووی وەبەرهێنان و بەرفراوانکردنی دامەزراوەکانی تایبەت بە یانەکە.