جێرارد، لامپارد یان سکۆڵز؟ فێردیناند وەڵام دەداتەوە و نهێنی نوێ ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
ریۆ فێردیناند، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و ئەفسانەی یانەی مانچێستەر یونایتد، بۆچوونی خۆی لەبارەی سێ ئەفسانەی پێشووی هەڵبژاردەکەی پۆڵ سکۆڵز، ستیڤن جێرارد و فرانک لامپارد دەڵێت و چەند نهێنییەکی نوێ ئاشکرا دەکات.
 
سەرەڕای ئەوەی ماوەیەکی زۆرە هەر سێکیان وازیان لە یاریکردن هێناوە، دیبەیت و گفتوگۆکان لەبارەی سکۆڵز، لامپارد و جێرارد بەردەوامن، هاندەرانی تۆپی پێ بەسەر سێ بەرەی جیاوازدا دابەشبوونە و هەر بەشێکیان یەکێک لەو سێ ئەفسانەیە وەک باشترین ناوەڕاستکاری مێژووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا هەڵدەبژێرێت، تەنانەت بەشێکی هاندەران ئەو سێ ئەفسانەیە وەک باشترین سێ ناوەڕاستکاری مێژووی پرێمەرلیگ هەژماردەکەن. 
 
ریۆ فێردیناند کە لە یانەی مانچێستەر یونایتد لەگەڵ سکۆڵز بووە و لە هەڵبژاردەی ئینگلتەراش لەگەڵ هەر سێ ئەفسانەکە یاریی کردووە، بۆچوونی خۆی لەو بارەیەوە دەردەبڕێت و دەڵێت "ئەوە دیبەیتێکی قورسە. ئەوەی زۆرترین چێژم لێوەرگرت سکۆڵز بوو. دەمتوانی تۆپەکەی پێبدەم و ناوی یاریزانێک بهێنم، ئەویش بەبێ ئەوەی سەیربکات یاریزانەکەی دەدۆزیەوە و پاسی پێدەدا."
 
فێردیناند زیاتر لەبارەی سکۆڵزەوە قسە دەکات و دەڵێت "ئەو کاری شێتانەی ئەنجامدەدا، تەنانەت یاریزانانی تیپی بەرامبەر دەهاتنە لام و دەیانگوت 'ئایا ئەو (سکۆڵز) هەموو رۆژێک ئاوایە؟'، ئەوە وەک ئەوە وابوو کە ئێمە لە سینەما بین و سەیری یەکێک بکەین نمایش دەکات. ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک سەرسامی کردبووم ئەوەبوو کە ئەو دەیتوانی یاری بەڕێوەببات و خۆی شێوازی یارییەکانی دیاری دەکرد، ئەو وایدەکرد یاریزانەکانی دەوروبەری باشتر یاری بکەن."
 
دواتر ریۆ دێتە سەر باسی ئەوەی کە لە نێوان سکۆڵز، لامپارد و جێرارد کامیان هەڵدەبژێرێت، دەڵێت "ئەگەر من راهێنەربام، ئەوا رەنگە لامپاردم هەڵبژاردبا چونکە ئەو لە وەرزێکدا 20 گۆڵی تۆماردەکرد. ئەگەر لە تیپێکدا هێرشبەرێکم هەبێت کە 25 گۆڵم بۆ بکات و ناوەڕاستکارێکیش 20 گۆڵم بۆ بکات ئەوا لە بەدەستهێنانی نازناوی خول نزیک دەبم."
 
فێردیناند زیاتر دەڵێت "بەڵام ئەگەر یاریزانێکم بوێت کە لە ساتی گەورە و هەستیاردا دەربکەوێت، ئەوا جێرارد هەڵدەبژێرم. ئەگەر پارەش بدەم بۆ ئەوەی یاری یەکێکیان ببینم، ئەوا سکۆڵز هەڵدەبژێرم."