ڤیدیۆ؛ هەڵەیەکی گەورە میسری گەیاندە قۆناخی 16ـی جامی ئەفریقا

رووداو دیجیتاڵ
 
رووداوە سەرنجراکێشەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا بەردەوامن و بەهۆی هەڵەیەکەوە هەڵبژاردەی میسر بۆ قۆناخی داهاتووی جامەکە سەردەکەوێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە غانا لە پاڵەوانێتییەکە دووردەکەوێتەوە.
 
لە دوایین یاریی قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، هەردوو هەڵبژاردەی مۆزەمبیق و غانا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، جۆردان ئایو لە خولەکەکانی 15 و 70 بە دوو لێدانی سزا، دوو گۆڵی تۆمارکرد و غانای لە بردنەوەی یارییەکە نزیک کردەوە. 
 
هەڵبژاردەی غانا دەیتوانی بە بردنەوەی ئەم یارییە و یەکسانبوونی میسر بەرامبەر کەیپ ڤێردی بۆ قۆناخی داهاتوو سەربکەوێت.
 
تاوەکو کۆتاییەکانی یارییەکە ئەنجامەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی غانا بوو، بەڵام مۆزەمبیق بەشێوازێکی دراماتیکی لە خولەکەکانی 91 و 93 دوو گۆڵی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکە بەو شێوەیە کۆتایی هات، لای خۆیشیەوە میسر لە یارییەکەی بەرامبەر کەیپ ڤێردی تووشی یەکسانبوون بوو، واتا ئەگەر غانا یارییەکەی خۆی بباردایەتەوە وەک دووەمی کۆمەڵەکەی بۆ قۆناخی داهاتوو سەردەکەوت.
 
هەڵە گەورەکە
 
لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەی نێوان غانا و مۆزەمبیق، هەڵبژاردەی مۆزەمبیق گۆڵێک لە دواوەیە، بە دوای یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەدا دەگەڕێت و لە یەکێک لە هێرشەکانیدا لێدانێک بۆ گۆڵی غانا لێدەدات، تۆپەکە خەریکە دەچێتە دەرەوە و هیچ مەترسییەک لەسەر گۆڵی ئەستێرە رەشەکان نییە، بەڵام بەشێوازێکی سەیر ریچارد ئۆفۆریی گۆڵپارێزی غانا بەبێ ئەوەی لە ژێر هیچ گوشارێکدا بێت دەست لە تۆپەکە دەدات، دواتر تۆپەکە دەچێتە دەرەوە و لێدانی گۆشە لە دژی غانا هەژماردەکرێت.
 
هەڵبژاردەی مۆزەمبیق لێدانەکە جێبەجێ دەکات، بە لێدانێکی سەر گۆڵی بەرامبەربوون تۆماردەکات و یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتایی دێت.
 
ئەم یەکسانبوونە بووە هۆی ئەوەی هەڵبژاردەی میسر وەک دووەمی کۆمەڵەکەی بۆ قۆناخی داهاتوو سەرکەوێت، غاناش لە پلەی سێیەم مایەوە و پێویستی بە پەڕجوویەکە بۆ ئەوەی وەک یەکێک لە باشترین سێیەمەکان بۆ قۆناخی داهاتوو سەربکەوێت، چونکە لەو چوار هەڵبژاردەیەی وەک باشترین سێیەم بۆ قۆناخی داهاتوو سەردەکەون، لە ئێستاوە دوو هەڵبژاردەیان لە غانا خاڵی زیاتری بەدەستهێناوە و هێشتا چوار کۆمەڵەش یارییەک کەمتریان ئەنجامداوە، واتا هەڵبژاردەی غانا کە چوار ئەم جامەی بەدەستهێناوە بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەر لە قۆناخی کۆمەڵەکانەوە ماڵئاوایی دەکات، هەموو ئەمانەش دەکرا هەر لە سەرەتاوە رێگەی لێبگیرێت ئەگەر ئۆفۆری دەستی بەر ئەو تۆپە نەکەوتبایە.