مێسی: بیر لە گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا دەکەمەوە
رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، کاپتنی پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ئێستای ئینتەرمەیامی ئەمریکی، پەیامێکی سۆزداری سەبارەت بەژیانی لە بارسێلۆنا و پەیوەندییەکەی بە تیپی پێشووی خۆیەوە نارد، کە ساڵانێکی زۆر بۆ ئەو یانەیە یاری کردووە.
لیۆ مێسی بەشداری ئاهەنگی 125 ساڵەی دامەزراندنی یانەی بارسێلۆنا دەکات دوای ئەوەی بانگهێشتنامەی لە کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکەوە پێگەیشت.
مێسی لە هەڤپەیڤینێکدا، کە لەسەر پلاتفۆرمە فەرمییەکانی یانەی بارسێلۆنا بڵاوکرایەوە، باسی لە پەیوەندی بەهێزی خۆی لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە کرد، تەنانەت دوای رۆیشتنی بۆ ماوەی نزیکەی 3 ساڵ.
ئەفسانەی ئەرجەنتینی، کاروانێکی وەرزشی پڕ لە دەستکەوتی بەسەربردووە، لە یەکەم رۆژی سەرکەوتنی بۆ تیپی یەکەمی بارسێلۆنا لە ساڵی 2003 تاوەکو رۆیشتنی لە ساڵی 2021 و پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، پاشان گواستنەوەی بۆ ئینتەرمەیامی لە هاوینی 2023.
مێسی لە هەڤپەیڤینەکەدا رایگەیاند، بیر لە گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا دەکاتەوە؛ چونکە هەست بە ئینتیما بۆ ئەم شارە دەکات و عاشقی ژیانکردنە لەو شارە، کە زۆر خۆشی دەوێت.
ئاماژەی بەوەشکرد "منداڵەکانم کەتەلۆنیین، هەموو ژیانم لە بارسێلۆنا بەسەربردووە، من و خێزانەکەم هەمیشە بیر لە ئەگەری گەڕانەوەمان دەکەینەوە بۆ ئەوەی رۆژێک لەوێ بژین، چونکە من و منداڵەکانم و هاوژینەکەم زۆر بیری ژیانمان دەکەین لەوێ، و بیری هاوڕێکانمان دەکەین و ئەو شتە زۆرانەی کە لە دوای خۆمان لەوێ بەجێمان هێشتوون".
ماوەی گرێبەستەکەی مێسی لەگەڵ ئینتەرمەیامی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 درێژ دەبێتەوە، ئەستێرە ئەرجەنتینیەکەش لە ماوەی 15ـی حوزەیران تاوەکو 13ـی تەمموزی 2025 بەشداری جامی جیهانی یانەکان دەکات لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.