ئەگەری هەیە یاساکانی یاری خاوێن یانەیەکی پرێمەرلیگ بباتە چامپیۆنشیپ

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی شکاندنی یاساکانی یاری خاوێنەوە، یانەیەکی گەورەی پرێمەرلیگ ئەگەری هەیە بۆ خولی چامپیۆنشیپ دابەزێنرێت. 
 
شکاندنی یاساکانی یاری خاوێن لەلایەن یانەکانی پرێمەرلیگەوە بەردەوامە و ئەمجارەیان یانەی تۆتێنهام لە بابەتەکە تێوەگلاوە و بە تۆمەتی شکاندنی یاساکانی بەڕێوبەری کارەکان تۆمەتبارکراوە. 
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ساڵی 2008 یانەی تۆتێنهام لە گرێبەستی فرۆشتنی جێرمەین دیفۆی هێرشبەری یانەکەیان بە یانەی پۆرتسماوس یاساکانی بەڕێوبەری کارەکانی شکاندووە کاتێك بەڕێوبەرێكی بێ مۆڵەت بە ناوی "میچێل تۆماس" لە گرێبەستەکە تێوەگلاوە و رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە رۆشتنی دیفۆ بۆ پۆرتسماوس.

 

 
هەر لە هەمان ساڵی ئەنجامدانی گرێبەستەکەدا، لێژنەیەك بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێكهێنرا، بەڵام لەو کاتەدا بڕیار لەسەر هیچ سزایەك نەدرا و دوسێیەکە بە هەڵپەسێدراوی مایەوە. لە ماوەی رابردوودا یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا رایگەیاند کە ئەوان بەشێك نەبوونە لەو لێژنەیەی لێکۆڵینەوەیان لە پرسەکەدا کردووە و ئامادەن لە ئەگەری دەستکەوتنی زانیاری زیاتر و بەرچاو روونی زیاتر، جارێکی دیکە بابەتەکە بێننە ئاراوە و چاوی پێدا بخشێننەوە.
 
ئەمە یەکەمین جار نییە پرسێکی لەم شێوەیە روودەدات، ساڵی 2008 یانەی لوتن تاون لە خولی چامپیۆنشیپدا بەهۆی بەکارهێنانی بەڕێوبەرێکەوە کە پەیوەندی بە یانەکەوە نەبووە، تووشی سزایەکەی قورس بووەوە و 10 خاڵی لێکەمکرایەوە.
 
لە رووداوێکی هاوشێوەدا لە ساڵی 2017 ماسیمۆ سێلینۆ، سەرۆکی پێشووی یانەی لیدز یونایتد بەهۆی بەکارهێنانی بەڕێوبەرێکی بێ مۆڵەتەوە بە بڕی 100 هەزار پاوەند سزا درا و بۆ ماوەی ساڵێك لە هەموو کارێکی پەیوەندیدار بە تۆپی پێوە سڕکرا. 
 
بەپێی میدیاکانی بەریتانیا، لە ئەگەری ساخبوونەوەی داواکە بەسەر تۆتێنهامدا، یانەکە ئەگەری هەیە چەندین خاڵی لێکەمبکرێتەوە و تەنانەت بۆ خولی چامپیۆنشیپیش دابەزێنرێت.