خولی فەرەنسا بووەتە خولی شەڕ و ئاژاوە

رووداو دیجیتاڵ

 

شەڕ و ئاژاوەی نێوان هاندەران و هێرشکردنەوە سەر یاریزانان و چوونە نێو یاریگە، خەریکە لە خولی فەرەنسادا دەبێتە دیاردە، کە لەم وەرزەدا چەندین یاری بەو هۆکارەوە راگیراون.
 
یاریی لووتکەی گەڕی 14ـی خولی فەرەنسا، لەنێوان لیۆن و مارسیلیا راگیرا، بەهۆی ئەوەی ھاندەرانی لیۆن دەبەیەكی ئاویان لەسەری دێمێتری پایێی یاریزانی مارسیلیا دا.
 
لە خولەکی 5ـی یارییەکەدا، لە کاتێکدا دێمێتری پایێ دەیویست لێدانێکی کۆڕنەر جێبەجێبکات، دەبەیەک ئاو بەر سەری کەوت و رۆدی پاکێی ناوبژیوان داوای لە یاریزانانی هەردوولا کرد بگەڕێنەوە ژووری جلگۆڕینیان.
 
دوای دوو کاژێر لە راگرتنی یارییەکە، ناوبژیوان بڕیاریدا یارییەکە دەستپێنەکاتەوە، چونکە هەستیکرد مەرجەکانی پێویست بە دەستپێکردنەوە فەرهەم نین.
 
ئەمە چەندین جارە لە خولی فەرەنسیدا حاڵەتی ئاژاوەگێڕی دووبارە دەبێتەوە، کە پێشتر دوو خاڵ لە یانەی نیس کەمکراوەتەوە، بەهۆی ئەوەی جەماوەرەکەی شەڕیان لەگەڵ یاریزانانی مارسیلیا کرد.
 
نیوەی دووەمی یاریی لانس و لیلیش ماوەی نیو کاژێر راگیرا، بەهۆی ئەوەی روودانی شەڕ و پێکدادان لەنێوان هاندەرانی هەردوولادا.
 
هەروەها رووداوی دیکەی هاوشێوەش لە هەردوو یاریی مۆنپیلێ لەگەڵ ئانژێ و یاری مارسیلیا بەرامبەر سانت ئیتیان.
 
رۆژنامەکانی فەرەنسا دووپاتیانکردەوە کە پۆلیس و ئاساییشی یاریگەکە ئەو هاندەرەی لیۆنیان دەستگیرکردووە کە دەبەکەی بۆ پایێ هاوێشتووە، کە بەهۆیەوە ئەو یاریزانە بە دانانی بەفر لەسەر سەری لە یاریگە چووە دەرەوە.
 
دواتر بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەو یارییە دەدرێت، کە ئایا دەکرێتەوە یان بۆ یەکێکیان بە سەرکەوتن هەژماردەکرێت، یان سزای یانەی لیۆن دەدەن، کە یارییەکە لەسەر یاریگەی ئەو یانەیە بوو، هاندەرێکی ئەو یانەیەش هۆکاری ئەو رووداوە بوو.