دوای دوو ساڵی دیکە فیکەی دەستپێکردنی مۆندیالی 2022ـی قەتەر لێدەدرێت

رووداو دیجیتال

رێک دوای دوو ساڵی دیکە، فیکەی دەستپێکردنی مۆندیالی 2022 لێدەدرێت، کە تاوەکو وادەکەی نزیکدەبێتەوە ئامادەکارییەکانی قەتەر بۆ ئەو بۆنە گەورەیە زیاتردەبن، چونکە قەتەرییەکان دەیانەوێت گەورەترین و جوانترین مۆندیال پێشکەشی جیهان بکەن و شارستانیەتی و سیحری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشانی جیهان بدەن. 

لەسەر ئاستی کارکردن لە پڕۆژەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، ژێرخانی پاڵەوانێتییەکە بە رێژەی 90٪ تەواوبووە، کە تاوەکو ئێستا لە کۆی 8 یاریگە، سێیانیان تەواوبوونە و بەتەواوی ئامادەن، کارە سەرەکییەکانی دووانیشیان تەواوبوون، بڕیاریشە ساڵێک بەر لە دەستپێکردنی مۆندیال هەر هەشت یاریگە ئامادەبن.

ئەو 3 یاریگەیەی تەواوکراون، بریتین لە یاریگەی خەلیفەی نێودەوڵەتی، یاریگەی باشوور و یاریگەی شاری فێرکردن، کە تاوەکو ئێستا لەم ساڵەدا میوانداری زیاتر لە 100 یارییان کردووە بەوپەڕی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکانی تایبەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

هەروەها لەسەر ئاستی کارەکانی پەرەپێدانی ژێرخانی وڵات، کە دەوڵەتی قەتەر لەپێناو خزمەتکردنی مۆندیال ئەنجامیان دەدات، ئیستا میترۆی سەردەمانەی دەوحە بە هەموو وزەی کاردەکات، هەروەها کارەکانی شەقام و رێگە خێراکان نزیکن لە تەواوبوون. هەروەها کارەکانی فراوانکردنی فڕۆکەخانەی حەمەدی نێودەوڵەتیش بەپێی پلانی بۆ داڕێژراو بەڕێوەدەچن، کە بە هاتنی ساڵی 2022 ئەو فڕۆکەخانەی دەتوانێت ساڵانە پێشوازی لە 50 ملیۆن گەشتیاربکات.

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، لەو بارەیەوە گوتی "ئەمساڵ ساڵێکی پڕ لە ئالنگاری بوو، بە تۆپی پێشەوە".

سەرۆکی فیفا پەسنی وڵاتی قەتەریشی دا، کە بەقسەی خۆی کارەکانی میوانداریکردنی مۆندیال زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن و گوتی "سوپاسی شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی دەکەم، کە دەیانەوێت بە باشترین شێوە میوانداری مۆندیال بکەن".

لایەنێکی جیاکەرەوی مۆندیالی قەتەر نزیکی یاریگەکانی پاڵەوانێتییەکە دەبێت لە یەکدی، کە دوورترین ماوەی نێوان یاریگەیەک و ئەوەی دیکە 75 کیلۆمەترە، نزیکترینیشیان 5 کیلۆمەترە، کە بێگومان ئەمەش سوودی زۆری دەبێت، بەتایبەتیش بۆ یاریزانان کە کەمتر گەشت دەکەن و زوو دەگەنە شوێنی مەشقەکان و بەمەش زیاتر پشوو دەدەن.

تەنانەت هاندەرانیش دەتوانن لە رۆژێکدا زیاتر لە یارییەک ببینن، بەتایبەتیش لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا، کە هەر رۆژێک 4 یاری ئەنجام دەدرێت.

یاری کردنەوەی مۆندیال رۆژی 21ـی مانگی یانزدەی 2022 لەسەر یاریگەی ماڵی سەرسوڕهێنەر بەڕێوەدەچێت، کە جێگەی 60 هەزار هاندەر دەکاتەوە. یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکەش لە 18ـی مانگی دوانزدەی 2022 لەسەر یاریگەی لۆسێل بەڕێوەدەچێت، کە جێگەی 80 هازار هاندەری هەیە، کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی نیشتیمانیی قەتەر.